
سەرکردەیەکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نێو ئەو کەسانەدا بووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی، کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، کاسم ئەنگەن، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠ کراوەتە ئامانج و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.
کاسم ئەنگەن، ناوی تەواوی (ئیسماعیل نازلکول)ە و لە ساڵی ١٩٨٩وە لە ئەورووپا پەیوەندی بە پەکەکە کردووە و دواتر چووەتە ڕیزی حزبەکە لە قەندیل، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی (مەڕەش)ە لە باکووری کوردستان.
لەم دواییانەدا تورکیا چەندان جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پەکەکە و بنکە و بارەگاکانیان کە یەکێک لەو هێرشانە لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠ لە چیای ئاسۆس و گوندی (سەفرە) لە سنووری شارۆچکەی شارباژێڕ لە باکووری سلێمانی ئەنجام درا. هەمان ڕۆژ لە چەند ناوچەیەکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی پەکەکە بۆردومان کرا.