وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، له گه‌رمیان تووشبوویه‌كى دیكه‌ى كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ست دا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2/6/2020، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: “تووشبوویه‌كى كۆرۆنا كه ئافره‌تێكى ته‌مه‌ن 63 ساڵ بوو و دانیشتووی گەڕەکی ئازادیی قه‌زاى كفریی ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان بوو، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی بەتوندی و تووشبوونی به كۆرۆنا، له 30ى 5 لە نەخۆشخانە خەوێندرا، دوای مانەوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا”.
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته ڕوو: “وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو، هیوادارین هاووڵاتیبان پابەندی ڕێنوێنییه تەندروستییه‌كان بن”.
هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه تووشبوویه‌كى كۆرۆنا له هه‌ولێریش گیانى له‌ده‌ست دا، له‌مباره‌یه‌شه‌وه وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه دا: “تووشبوویه‌کی كۆرۆنا كه پیاوێكى تەمەن 51 ساڵ بوو، دانیشتووی قەزای دەشتی هەولێر/ بنەسڵاوە، هەڵگری نەخۆشیی دیکەی کوشندە بوو، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی بەتوندی و 27ى 5 لە نەخۆشخانە خەوێندرا، دوای مانەوەی پێنج ڕۆژ لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا”.