
گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزێکی پێشمەرگە لە چیای مەتین رایگەیاند کە حزبەکەیان ئیدانەی ڕشتنی خوێنی کورد بەدەستی کورد دەکات و دەبێت رێز لە ئیڕادەی هەرێمی کوردستان بگیردرێت.
هەندرێن ئەحمەد، گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان راگەیاند: “هەرێمی کوردستان تاکە کیانی شەریعی و دەستووریی ھەموو گەلی کوردستانە و جێگای ھیوایە، ناکرێت ئەم قەوارەیە بکەوێتە مەترسیەوە و دەشزانین داگیرکەران بەردەوام پیلانیان ھەیە بۆ تێكدانی قەوارەی کوردستان و لاوازکردنی، پێویستە ھێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان رێز لە ئیرادەی ھەرێمی کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگرن”.
سەبارەت بە شەهیدکردنی پێنج پێشمەرگەی کوردستان بە دەستی چەکدارانی پەکەکە گوتەبێژی حزبی شیوعیی کوردستان گوتی: “ڕشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد کارێکی خراپە و ئیدانە و مەحکوومی دەکەین نابێت ئەو مێژووە دووبارە بکرێتەوە کە ساڵانێکە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورستان بەدەستیەوە ناڵاندوویەتی، دەخوازین ئەزموونی عەفرین لە ھەرێمی کوردستان دووبارە نەبێتەوە و ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی سەقامگیری ئەم ناوچانە”.
راشگەیاند: “بۆ ھیچ کەسێک ڕێگەپێدراو نییە کە ڕێگا بەخۆی بدات پێشمەرگە شەھید بکات ھیچ بیانوویەکیان نییە ھەر بیانوویەک ھەبێت دەبێت لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت پەنا بردن بۆ شەھیدکردن و شەڕی دووبەرەکی نە خزمەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەکات و نە خزمەتی پەکەکە و ھەرێمی کوردستان دەکات”.