سەرۆکی حکوومەتی ههرێمى کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و چهند بابهتێك تاوتوێ كران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/5 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ههرێمى کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد کە پێکهاتبوو لە دیریک شۆلێی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگورک، هەماهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
شاندەکە سڵاو و ڕێزی سەرۆک جۆ بایدنیان بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئاماژەیان بەوە دا کە هاتنی ئەم شاندە، جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکوومەتی ئەمریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
شاندی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشان دا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.