
جێگرێكی بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر رای دەگەیەنێت كە لە دوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیەوە، مەڵبەندەكان و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و مەكتەبی سیاسیی حزبەكە ”بارە“ بەسەر یەكێتییەوە و ”پێویستە لاببرێت“.
رامان مەجید، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”دەرکەوت یەکێتی لە دوای کۆنگرە، هەندێک ئۆرگانی پێویست نەماوە و زیادەن و بارن بەسەر حزبەوە و پێویستە لاببرێن“.
ڕوونیشی كردۆتەوە كە ئەو ئۆرگانانەی بارن بەسەر یەكێتییەوە، بریتین لە مەكتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندەکان.
رامان مەجید سەر بە تاقمی ١٦ی ئۆكتۆبەرە و نووسینەكەشی دوای ئەوە دێت كە دوێنێ یەكشەممە ٢ی ئایاری ٢٠٢١، شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ڕێباز بێركۆتی كردبوو پاش كشانەوەی لە خۆكاندیدكردن لەسەر لیستی یەكێتی، رای گەیاندبوو ”هیچ هەڤاڵێكی هەولێری یەكێتی ئاگاداری ئەو هاوپەیمانێتییە نییە كە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا كراوە“.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە