
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆییهك لەسەر پرسی گەندەڵیی لە كەرتی تەندروستی هەڵەبجە كە تێیدا پزیشكێك كۆمەڵێك زانیاری دەخاتەڕوو. وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت پێك دەهێنێت و لە رووداوەكە دەكۆڵێتەوە.
پزیشكەكە كە ناوی دكتۆر باخان ئازادە، لە چاوپێكهوتنهكهدا، ئاماژە بەوە دەكات، دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتییان لەسەر ئەوە ئاگادار كردووەتەوە كە لە نەخۆشخانەیەكی سنوورەكە پارەی زیادە لە خەڵك وەرگیراوە، نەشتەرگەریی نەخۆش كراوە بێ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕی بەنج بەپێی پێویست ئامادە بێت. ئەو دەڵێت لە 20 تا 23 پزیشكی یاریدەدەری بەنج، تەنیا یەك كەس بەم كارە هەڵدەستێت.
ئەو كۆمەڵێك گەندەڵیی خستووەتەڕوو و باس لەوە دەكات، 700 هەزار دینار بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەسەر وەسڵێك نووسراوە، لەكاتێكدا نەخۆشخانەكە ملیۆنێك و 400 هەزاری وەرگرتووە.
هەروەها دەڵێت لەوانەیە مانگانە بایی 120 ملیۆن دینار نەشتەرگەری كرابێت، بەڵام ئەو پارەیە لە حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی شاراوەتەوە و خەڵكێك لە گەندەڵی تێوەگلاون.
بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی كە بە مێژووی ئەمڕۆ سێشەم 27ی نیسان بڵاو كراوەتەوە و واژووی دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە، لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڤیدیۆكە پێك دەهێنرێت.
لە بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بەوە كراوە، ئامانجی وەزارەت لە پێكهێنانی لیژنە ئەوەیە راستی و دروستی ناوەڕۆكی ئەم لێدوانە دەربخات، لیژنەكەش لە بریكاری وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و راوێژكارێكی یاسایی پێك هاتوون.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە