مەسعود حەیدەر، راوێژكاری سەرۆك بارزانی، ڕای دەگەیەنێت، لە داڕشتنی ستراتیجیەتی دانوستان و ئاراستەکردنی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی ھەبووە.
مەسعود حەیدەر، پێی وایە، کە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 ھەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ رەخساندنی زەمینەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە دەستوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوازون و تەوافوق.
لەبارەی گرنگیی رێککەوتنەکەش، مەسعود حەیدەر، گوتی: “ئەم رێککەوتنە چەسپاندنی مافی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستانە لە یاسایەکی فیدراڵیدا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، ڕێککەوتنەکە ھەموو ئەو دەرگایانەی لەسەر ھەندێ حزب و سەرکردە و ئەندامەکانیان داخست، بۆ موزایەدات و دژایەتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چ لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، یان لەسەر ئاستی عێراق، کە بە بەردەوامیی دەکران، ئەوەش سەلماندی، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشوودرێژانە و لەسەر بنەمای دەستووریی گفتوگۆی کردووە.
لەبارەی ئەوەیش، کە پەسەندکردنی بودجە تا چەند سەلماندی، کە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یاسایی بووە؟، مەسعود حەیدەر پێی وایە، پرۆسەی گەڕان و بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە ھەم دەستووری و ھەمیش یاسایی بووە، بەدەر لە یاسای بودجە، کە ئێستا پەسەند کراوە و دانی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا ناوە، بەڵکو کۆی پرۆسەکە لەسەر بنەمای یاسای سامانە سروشتییەکان، کە پەرلەمانی کوردستان تەشریعی کردووە، گوتی: “پەرلەمانی کوردستان بەشێکە لە دامودەزگای فیدراڵیی دەوڵەت و دەستووری عێراق دەسەڵاتەکانی دیاری کردووە، بەڵام رێککەوتنەکە و تێپەڕاندنی یاساکە، پەیامێکی سیاسیی ئەرێنییە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمپانیا نەوتییەکان.