
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە، ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بكرێت، بەڵام ئەوانەی دەیانگوت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ناتوانن ڕێك بكەون، ”هیچیان بۆ نەمایەوە“.
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، ھەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن و پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، جێگەی دڵخۆشییە و خەڵکی کوردستان بەو ڕێککەوتنە دڵخۆشن“.
ڕوونیشی كردەوە: ”ئەوانەی ھەمیشە دەیانگوت، حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ناتوانێت لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێت، دیارە ئێستا ھیچیان بۆ نەماوەتەوە، هەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە یەکێتی و پارتی و گۆڕان، بۆیە کێ قسە دەکات بۆ خۆی ئازادە و قسەکەی کاریگەری نەبووە، چونکە دواجار حکوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی کوردستان توانییان لەسەر بودجە ڕێك بكەون و یاساكەش پەسەند بكرێت“.
بە بڕوای ئەو سەركردەیەی پێشووی یەكێتی كە یەكێكە لە كەسایەتییە تێكۆشەرەكانی حزبەكەش، ”مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە تامەزرۆی ئەوە بووە ھەرێمی كوردستان و بەغدا ڕێککەوتن بکەن، خۆشبەختانە ڕێككەوتنەكە كرا، ھەروەھا جێگرەكەی و شاندی دانوستانكاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەو ڕێککەوتنەدا ڕۆڵی باشیان گێڕاوە و جێگەی دەست خۆشییە“.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە