ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/10 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستان، پیرۆزبایی لە کوردستانییان کرد بە بۆنەی ڕۆژی جلی نەتەوەیی کە چەند ساڵێکە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 10ی ئادار، بە ڕێورەسمی جیاواز، ڕێز لە جلی نەتەوەیی خۆیان دەگرن.
مهسرور بارزانى ئاماژەی بە سەردانی قەداسەتی پاپا کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد و گوتی: “ئەم سەردانە دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا مەڵبەندێکی گرنگی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەیە”، ههروهها سهرۆكى ئهنجوومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان دەستخۆشیی لە ڕێکخەران و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ سەرخستنی سەردانەکە کە سەرکەوتوانە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە چوو.
پاشان هەر یەک لە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا ڕەشنووسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێك، پڕۆژەکە پەسەند کرا.