
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایدەگەیەنێت، ناوەندی راگەیاندن و دیبلۆماسی و سیاسی بەریتانیا گرنگی زۆریان بەسەردانەكەی پاپا داوە بۆ كوردستان.
کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا راگەیاند: “سەردانەكەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر زۆر گرنگ بوو، سەردانی پاپا بۆ هەر وڵاتێك دەبێتە جێگەی گرنگی و بایەخی وڵاتانی دونیا، سەردانەكە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگییەكەی لەوەدایە چونكە پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان جێگەی پێزانینی وڵاتان بووە.
ئاماژەی بەوەشدا ئەو فرە نەتەوەیی وئایینیەی لە هەرێمی كوردستان هەبووە و پارێزگاری لێكراوە بەسەردانەكەی پاپا جوانتریش پیشاندرا، گوتیشی: “ئەو سەردانە لە نێوەندی بەریتانی دەنگدانەوەی خۆی هەبووە، دۆستەكانمان لە بەریتانیا بە سەردانێكی گرنگیان داناوە، هەمیشە باسی ئەوەیان كردووە هەرێمی كوردستان پارێزەری پێكهاتەكان بووە.
کاروان جەمال روونی كردەوە، سەردانەكەی پاپا بۆ كوردستان لە نێو میدیای بەریتانیا گرنگی پێدراوە، دەشڵێت: “ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی بەریتانیا وەكوو وڵاتانی تر كامێراكانی خۆیان هێنا و خۆیان گەیاندە كوردستان بۆ ئەوەی رووماڵی ئەو رووداوە گەورە و مێژووییە بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە ناوەندە دیبلۆماسی و سیاسیەكانی بەریتانیاش چاودێری سەردانەكە كراوە، بەبەرزی نرخاندنیان بۆ كردووە، پێیان وابووە سەردانەكە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی ئایینەكانە،چونكە لە عێراق جیاوازی و ناكۆكی ئایینی هەستی پێدەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ئایینی زۆر بەهێزە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە