نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / دژە تیرۆری كوردستان چەند زانیارییەكی گرنگ ئاشكرا دەكات.. داوا لە كەمپینچییەكان دەكات لە جێگەی بەرگریكردن لە خیانەتكار و سیخوڕان، بەرگری لە خاك و نیشتمان و مافە نەتەوەییەكان بكەن..

دژە تیرۆری كوردستان چەند زانیارییەكی گرنگ ئاشكرا دەكات.. داوا لە كەمپینچییەكان دەكات لە جێگەی بەرگریكردن لە خیانەتكار و سیخوڕان، بەرگری لە خاك و نیشتمان و مافە نەتەوەییەكان بكەن..

یاسا لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی حکوومڕانییە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و رێگەگرتن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی.

لە هەموو وڵاتێک داڕیژەرانی یاسا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرن و نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لە سەرو هەموو شتێکەوەیە، ئیدی یاسا دەبێتە بنەمای حکوومڕانی و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکرێت.

لە حکوومەتەکانی دونیا ئەو گرووپ و رێکخراوانەی کە مایەی مەترسین و دژی بەرژەوەندییەکانیانن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاژەوەگێڕی بۆیان لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشانیان دەکەن و لە لیستی تیرۆردا پۆلێنیان دەکەن، ئەگەر چاوێک بە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندا بخشێنین، ئەوا ناوی سەدان رێکخراو و گرووپ و کەسایەتی دەبینین، نموونە: لە ئیسڕائیل حیزبوڵڵا گرووپێکی تیرۆریستییە، لە تورکیا پەکەکە و فەتحوڵڵا گویلەن لە لیستی تیرۆردان، لە ئێران بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەهواز و موجاهیدینی خەڵق تیرۆریستن، ئەلقاعیدە و داعش لای زۆربەی وڵاتانی دونیا تیرۆریستن، کۆمەڵەی ئەبوو سەیاف لە فلیپین تیرۆریستە، فارک لە کۆڵۆمبیا تیرۆریستە و حوسییەکانی یەمەن لای سعوودییە تیرۆریستە و سوپای پاسداران و ژمارەیەک کەسایەتی رژێمی سووریا و چەندین گرووپ و رێکخراوی تر لای ئەمریکا تیرۆریستن.

بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان.

زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکوومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە.

پێش چەند مانگێک بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەگێڕان و تێکدەران بە بەرچاوی هەموو دونیا و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانەوە بارەگای حیزبی و حکوومییان سووتاند، چەکیان بەکارھێنا، نارنجۆک و ئاڕپیچییان تەقاند، ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بریندار کران و شەھید کران.
هاوکات ئەوەشمان بینی ھەندێ خۆپیشاندەر لە ئەمریکا بە بێ چەک چوونە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن، نە باڵەخانەکە سووتێندرا نە خۆپیشاندەرانیش چەکیان پێ بوو، بەڵام زۆرینەیان دەستگیرکران و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و سزا دران، ئەوانەشی پەیوەندییان بەو هەوڵە هەبووە پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت تاوەکو رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ئەم لێپێچینەوانە رێکاری یاساییان هەبووە و ئەمریکییەکان نەک دژی وەها بڕیارێک نەوەستانەوە بە پێچەوانەوە رێزیان لەو یاسایە گرت.

لە کوردستانیش سەرەڕای ئەو ھەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت دادگایی بکرێن چونکە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرن! لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیکردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حکوومییەکانەوە کاتێکیش دەستگیر دەکرێن دەبنە رۆژنامەنووس!

هەر بۆیە لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لە ژێر ناوی چالاکوان و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسکی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی سیخوڕان، ئەمەش بەر لە هەموو شتیک بۆ بنکۆڵکردنی پیشەی رۆژنامەنووسی و کاری رێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە زیانمەندی یەکەم رۆژنامەنووس و ئەو چالاکوانانەن کە پرۆفیشناڵانە کاری میدیایی و مەدەنی خۆیان دەکەن و خەڵکانی گێرەشێوێن ناوبانگی پیشەیی ئەوان خراپ دەکەن.

بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو.

دژە تیرۆری کوردستان

بەپەلە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *