رۆژی حه‌فتی ئاداری ئه‌مساڵ، هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له پاپا فره‌نسیسی ڤاتیكان ده‌كات و له هه‌ولێری پایته‌خت دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
هەروەها لە میانی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكاندا، له یاریگای نێوده‌وڵه‌تیی فرانسۆ هه‌ریری قه‌داسێك به به‌شداری هه‌زاران كریستیان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، دوای ئه‌وه دێت له چه‌ند ساڵی رابردوودا، هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی دیپلۆماسی بۆ تاوتوێكردنی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤایه‌تی، كه “تیرۆر”ی رێكخراوی “داعش” بوو، چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی خۆرئاوایی و خۆرهه‌ڵاتی روویان تێكردووه، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌یان جیاوازتر له هه‌موویان، سه‌ردانی دیارترین كه‌سایه‌تی هه‌ره‌می ئاینی خۆرئاوایه بۆ هه‌ولێر.
سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا بێ پێشینه نییه و له (19ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020)دا، كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، “مه‌سرور بارزانی” به سه‌ردانێك له ئه‌ورووپا بوو، سه‌ردانی ڤاتیكانی كرد و له‌وێ له‌لایه‌ن پاپا “فه‌ره‌نسیس”ه‌وه پێشوازی لێ كرا.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، له‌و دیداره‌یدا، بانگهێشتی پاپای كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له نزیكه‌وه ئه‌و كه‌شوهه‌وا ئارامه ببینێت، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته ئاینی و كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ری كردووه.
له به‌رامبه‌ردا، “پاپا فره‌نسیس” ستایشی رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی “تیرۆر” و له خۆگرتنی ئه‌و كریستیانانه‌ی له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عێراقه‌وه رووبه‌ڕووی تیرۆر ببوونه‌وه و په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو. به تایبه‌تی كریستیانه‌كانی نه‌ینه‌وا.
كریستیانه‌كانی نه‌ینه‌وا، له (حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014)ه‌وه له لایه‌ن چه‌كدارانی سه‌ر به قاعیده و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق ناسراو به “داعش”، رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی كۆمه‌ڵكوژی و ئاواره‌كردن بوونه‌وه و به‌شێكی زۆریان روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد. به تایبه‌تی دوای داگیركردنی شاری مووسڵ له لایه‌ن داعشه‌وه، له (10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014)دا، ئیدیی جێگه‌یه‌ك بۆ ژیانی كریستیانه‌كان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعش نه‌ما و سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی كریستیان روویان له هه‌ولێر و دهۆك كرد.
له هه‌ولێر و دهۆك، خه‌ڵكی كوردستان ئامێزی بۆ ئاواره كریستیانه‌كان كرده‌وه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگه ئابووری و دارایی و ئه‌منیانه‌ی رووبه‌ڕوویان ببوویه‌وه، توانی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان بۆ ئاواره‌كان دابین بكات.
هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ ڤاتیكان و سه‌ردانه‌كه‌ی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ڤاتیكان یه‌كه‌م سه‌ردانی له‌و جۆره نه‌بوو، پێشتر هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كه ئه‌و كات له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، سه‌ردانی ڤاتیكانی كرد.
سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی، بۆ ڤاتیكان له (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2011)دا، بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌بوو، به تایبه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه شه‌ڕی تیرۆر به‌رۆكی عێراقی گرتبوو، ته‌نیا ناوچه‌یه‌كی ئارام له عێراقدا، هه‌رێمی كوردستان بوو و زۆرێك له كریستیانه‌كانی به‌غدا و باشووری عێراق روویان له هه‌رێمی كوردستان كردبوو.
له‌و سه‌ردانه‌دا، پاپا “بیندكیتی شازده‌هه‌م” پێشوازی له سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كرد و سووپاس و پێزانینی كورسی پاپی بۆ ئه‌و پێشوازییه ده‌ربڕی كه هه‌رێمی كوردستان له كریستیانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقی كردبوو.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پاپا بیندكتی شازده‌هه‌م، به سه‌رۆك بارزانی گوت: “تۆ نوێنه‌ری ئاشتی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی و ئه‌و رۆڵه‌ی ئێوه له‌و بواره‌دا ده‌یگێڕن جێی فه‌خر و شانازی ئێمه‌یه”.
ئه‌و شانازیكردنه‌ی ڤاتیكان به كه‌سایه‌تی و رۆڵی سه‌رۆك بارزانی، له‌و سه‌ردانه‌شدا به قووڵی ده‌ركه‌وت، كاتێك “پیته‌ر بارۆلین” سه‌رۆك وه‌زیرانی ڤاتیكان و شاندێكی یاوه‌ری رۆژی (27ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018) سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی سوپاسگوزاری كورسی پاپ بگه‌یه‌نن به سه‌رۆك.
سه‌رۆك بارزانی، بۆ شانده‌كه‌ی ڤاتیكان دووپاتی كرده‌وه، كه “هه‌رێمی كوردستان سووره له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی چه‌مكی پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ده‌ژین و پێویسته سه‌رجه‌م كێشه‌كان به ئاشتیی و له رێی دانووستانه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ك به توندوتیژی”.
دوای ئه‌و توندوتیژیانه‌ی كریستیانه‌كان رووبه‌ڕووی بوونه‌وه و روویانكرده هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی گوتی: كاتێك داعش په‌لاماری كوردستانی دا، به كریستیانه‌كانم گوت: ئێمه به‌یه‌كه‌وه‌ین، یه‌ك چاره‌نووسی هاوبه‌شمان هه‌یه، به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین و به‌یه‌كه‌وه ده‌مرین. پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هانی كریستیانه‌كان بده‌ن له‌سه‌ر خاكی خۆیان بمێننه‌وه، نه‌ك وڵاته‌كه‌یان به‌جێبهێڵن”.
به‌جێهێشتنی وڵات و ره‌وكردنی كریستیانه‌كان، یه‌كێكه له‌و مه‌ترسیانه‌ی هه‌ڕه‌شه له داهاتووی پێكه‌وه ژیان له عێراق ده‌كات. یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ردانی مانگی داهاتووی پاپا بۆ عێراق، هاندانی كریستیانه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌جێ نه‌هێڵن.
“پاپا فره‌نسیس”، كه تا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، حه‌وت ساڵ و (331)رۆژه له سه‌ر كورسی پاپ دانیشتووه له ڤاتیكان، به پێی ئه‌وه‌ی له (13ی ئازار/ مارسی 2013)ه‌وه، له جێی پاپا “بیندیكتی شازده‌هه‌م” هه‌ڵبژێردراوه، یه‌كه‌م سه‌ردانییه‌تی بۆ عێراق، به‌ڵام به دیداری ئه‌مجاره‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی، ده‌بێته دووه‌مجار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆببێته‌وه، به‌و پێیه‌ی له (30ی ئایار/ مایۆی 2014)دا، سه‌رۆك بارزانی له سه‌ردانێكیدا بۆ ئیتاڵیا، له لایه‌ن كورسی پاپه‌وه پێشوازی لێكرا و هه‌ردوولا پرسی ژیانی په‌نابه‌رانی سووریا و ئاواره كریستیانه‌كانیان تاوتوێكرد.
دوای سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له (12ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2018)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له چوارچێوه‌ی گه‌شتێكیدا بۆ ئه‌وروپا، له لایه‌ن پاپای ڤاتیكانه‌وه پێشوازی لێكرا.
پێشوازییه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا له شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای بایه‌خه مه‌عنه‌وییه‌كانی، له رووی سیاسییه‌وه ئاماژه‌یه‌كی گرنگی كرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی خۆرئاوا و ئه‌وروپا بوو به رووی هه‌رێمی كوردستاندا، دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدابوو و به هۆی رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری (2017) و سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابووری و سیاسی و ئاسمانی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ولێر رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی دیپلۆماسی كرابوویه‌وه و ئاسمانی جیهان به رووی هه‌رێمدا داخرابوو.
دوای پێشوازییه‌كه‌ی “ئیمانوێڵ ماكرۆن”، له شاندی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازییه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان به‌رچاوترین ئه‌و پێشوازیانه بوو، كه ئومێدی بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانده‌وه و ئاماژه بوو بۆ شكاندنی به‌سته‌ڵه‌كی دابڕانی هه‌رێم له جیهان، كه فشاره‌كانی حكومه‌تی “حه‌یده‌ر عه‌بادی” بۆی درووست كردبوو، له پێناو له‌ناوبردنی چیرۆكی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتیی و عێراق به تایبه‌تی درووستیكردبوو و وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ لێقه‌وماوانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌كارهێنراوه.
له دوای (2003)ه‌وه كریستیانه‌كانی عێراق، كه له رووی ژماره‌وه سێیه‌م شوێنكه‌وتووانی ئاینی جیاوازن له عێراق، رووبه‌ڕووی توندوتیژی و هێرشه تیرۆریستییه‌كان بوونه‌وه. به‌و هۆیه‌وه ناچار بوون، به‌شێكی زۆریان روو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن و به‌شێكیشیان بۆ رزگاركردنی گیان و ژیانیان روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له عێراقدا چوارده تائیفه‌ی كریستیان و چوار نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی “ئاشوور، سریان، كلدان و ئه‌رمه‌ن” هه‌ن. به‌شێكی زۆریان به سریانی ده‌دوێن. به‌شێكیان به ئه‌رمه‌نی و ئاشوورییه‌كانیش به زمانی ئارامی خۆرهه‌ڵاتی ده‌دوێن. ئه‌مه جگه له‌و كریستیانه كورد و عه‌ره‌ب و توركمانانه‌ی كه هه‌ن. ئه‌وان له به‌سره‌ی ئه‌وپه‌ڕی باشووری عێراقه‌وه تا زاخۆی ئه‌وپه‌ڕی باكوور و له سنووری هه‌رێمی كوردستان په‌رش و بڵاوبوونه‌ته‌وه. گرنگترین ناوچه‌ی دانیشتوانیشیان ده‌شتی نه‌ینه‌وایه، كه شوێنه‌واری ئیمپراتۆریای ئاشوورییه.
به گوێره‌ی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان، له عێراقدا ژماره‌یان بۆ نیوه كه‌متر له‌و ژماره‌یه ماوه‌ته‌وه، كه پێش رووخانی رژێمی به‌عس تۆمار كراوه.
له (2013)دا نزیكه‌ی ملیۆنێك هاووڵاتی كریستیان عێراقیان به‌جێهێشتووه و زۆرێك له كڵێسه‌كانیان له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه په‌لامار دراوون.
له لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی دوێتچه‌ڤێله‌ی ئه‌ڵمانی، “ئه‌مانۆێڵ یۆحه‌ننا” كه‌سایه‌تی ئاینیی كریستیان ئاشكرایكردبوو، كه له عێراقدا چاره‌كه ملیۆنێك كریستیان ماونه‌ته‌وه و له سه‌دا هه‌شتا تا له‌سه‌دا هه‌شتاوپێنجیان له هه‌رێمی كوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا ته‌نیا چل هه‌زار تا په‌نجا هه‌زار كریستیان ماونه‌ته‌وه.
تا ئێستا ئامارێكی متمانه‌پێكراو له باره‌ی كۆچی كریستیانه‌كان له عێراق له‌به‌ر ده‌ست نییه، به‌ڵام دوای ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی كرایه سه‌ر كڵێسه‌ی “سه‌یده نه‌جات” له به‌غدا و په‌نجا كه‌س كوژران، ئیدی كریستیانه‌كان پشتڕاست بوونه‌وه، كه له عێراقی عه‌ره‌بیدا جێگه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیانیان نه‌ماوه و به ده‌یان هه‌زاریان عێراقیان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ئه‌وروپایی به‌جێهێشت.
له عێراقی عه‌ره‌بیدا، هێشتا كڵێسه‌یه‌كی وه‌ك “دڵی پیرۆزی یه‌سوع” ی ئه‌رمه‌نه كاسۆلیكه‌كان له ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غدا، له (2007)ه‌وه ده‌رگای داخراوه و نه‌كراوه‌ته‌وه.
كڵێسه‌ی “مار یوسف” له به‌غدا، پێش چه‌ند ساڵێك سه‌دان كه‌س نوێژی لێ ده‌خوێند، ئێستا له بۆنه هه‌ره گرنگه‌كانی كریستیاندا ژماره‌ی نوێژخوێنه‌كانی ناگاته په‌نجا كه‌س.
پاتریارك “ساكۆ” له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی “فرانس پرێس” له كۆتایی ساڵی رابردوودا رایگه‌یاندبوو، ملیۆنێك و نیو كریستیان له عێراقدا هه‌بوون، به‌ر له‌وه‌ی رژێمی به‌عس بڕووخێت، ئێستا ئه‌و ژماره‌یه كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ نیو ملیۆن كه‌س. به گوێره‌ی نوێترین ئاماری رێكخراوی “حاموورابی” بۆ به‌رگری له پێكهاته‌كان، ژماره‌ی ئه‌و كریستیانانه‌ی له عێراق ماوه له نێوان (300-400) هه‌زار كه‌سه.
پێش رووخانی به‌عس، (750) هه‌زار كریستیان له به‌غدا ده‌ژیان و ئێستا ژماره‌كه‌یان ناگاته (75) هه‌زار كه‌س. له ناوچه‌ی “دۆره”ی باشووری عێراق، كریستیانه‌كان بازاڕی ناوچه‌كه‌یان هه‌ڵده‌سووڕاند و ژماره‌یان (150) هه‌زار كه‌س بوو، ئێستا ته‌نیا هه‌زار كه‌سیان ماونه‌ته‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی، له هه‌رێمی كوردستان، له هه‌موو بواره‌كاندا، بایه‌خی به‌رچاو به كریستیانه‌كان دراوه. ئه‌وان له په‌رله‌مانی كوردستاندا به كۆتا، پێنج كورسی په‌رله‌مانیان بۆ دابین كراوه. منداڵانی كریستیان به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌خوێنن و قوتابخانه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه. له پۆسته ئیدارییه‌كاندا بێ هیچ جیاكارییه‌ك پۆستیان پێ دراوه و به‌شدارن له ئه‌زموونی حوكمڕانی ناوخۆییدا. له كابینه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌میشه ره‌چاوی به‌شداری ئه‌و پێكهاته‌یه كراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینیدا، به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به كریستیانه‌كان كراوه‌ته‌وه.
له رووی خزمه‌تگوزاریشه‌وه، بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی كریستیانه‌كان خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پێ گه‌یاندوون و قوتابخانه و كڵێسه و نه‌خۆشخانه و دامه‌زراوه‌ی پێویست كراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كی ده‌روونی بۆ كریستیانه‌كان دابین كراوه و خه‌ڵكی كوردستان به چاوی رێزه‌وه له‌و جیاوازییه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه ده‌ڕوانێت، كه به درێژایی سه‌دان ساڵ له ناو خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ته كولتوور و به ئاشتی ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن.
ئه‌و ئاشتیی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بووه‌ته خاڵی گرنگی چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك نموونه‌یه‌كی گرنگ له ناوچه‌كه و عێراقدا سه‌یری ده‌كرێت و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام جێی ستایش بووه و پاپای ڤاتیكانیش له پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه بووه، كه ستایشی ئه‌و ره‌وشه سه‌قامگیره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
له هه‌رێمی كوردستان، مانگی داهاتوو، پێشوازی له پاپای ڤاتیكان ده‌كرێت، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غدا و نه‌جه‌ف ده‌كات، وێستگه‌ی سێیه‌می سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
بڕیار وایه، رۆژی هه‌ینی (5ی ئازار/ مارسی 2021)، پاپا فرانسیس، له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا پێشوازییه‌كی ره‌سمی لێبكرێت. دوای دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، “مسته‌فا كازمی”، سه‌ردانی كۆشكی كۆماری ده‌كات و له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراق، “به‌رهه‌م ساڵح” پێشوازی لێده‌كرێت.
دوای ئه‌و پێشوازییه، پاپا سه‌ردانی كڵێسه‌ی “سه‌یده نه‌جات”ی سریانی كاسۆلیكی ده‌كات. رۆژی دواتر، پاپا بۆ دیداری “عه‌لی سیستانی”، سه‌ردانی شاری نه‌جه‌ف له باشووری عێراق ده‌كات. دواتر سه‌ردانی شاری “ئور”ی مێژوویی ده‌كات و پاشان بۆ سرووتی ئاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه كڵێسه‌ی “مار یوسف”ی كلدانی له به‌غدا.
له به‌غداوه پاپا روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و رۆژی یه‌كشه‌ممه (7ی ئازار/مارسی 2021) له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له لایه‌ن گه‌وره به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێده‌كرێت.
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی “كوردستان ٢٤”، له هه‌ولێر پاپا “فرەنسیس” له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه.
دوای هه‌ولێر، پاپا سه‌ردانی مووسڵ ده‌كات و دواتر له كڵێسه‌ی ” الطاهرة”ی گه‌وره له قه‌ره‌قووش، سرووتێكی ئاینی ده‌خوێنێت و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له یاریگای “فرانسۆ هه‌ریری” ئاماده‌ی مه‌راسیمێكی گه‌وره‌ی پێشوازیكردن بێت و سرووتێك بخوێنرێت.
رۆژی دواتر، پاپا له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ مه‌راسیمی ماڵئاوایی رێكبخرێت و كۆتایی به سه‌ردانه‌كه‌ی بهێنێت