لایه‌نه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مانتاران ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه به‌غدا بتوانێت به‌جیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارێزگاكان به‌تایبه‌تی پارێزگای سلێمانی بكات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م هه‌شتی شوبات، ڕێزان شێخ دلێر ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،ڕاگه‌یاند، ئه‌وه‌ی كه به‌غدا جیاواز له هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارێزگای سلێمانی بكات شتێكی واقعییه، چونكه هه‌موو كه‌س پێی خۆشه مووچه‌كه‌ی له‌كاتی خۆی پێبدرێت، به‌ڵام ئایا به‌غدا به‌بێ به‌رانبه‌ر مووچه بۆ فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ده‌نێرێت؟.
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی پێدا، دوو ڕێگه هه‌یه بۆ ناردنی به‌شه بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه، ڕێگه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه هه‌رێم و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن و به‌شه بودجه ڕه‌وانه بكرێت.
زیاتر گوتی، ڕێگه‌ی دووه‌م كه “ئاواته‌خوازنین” ڕوو بدات ئه‌وه‌یه به‌غدا سلێمانی داگیر بكات و خۆی حوكمی بكات، ئه‌وه‌ش مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمه و كه‌م كه‌س ئاواتی بۆ ده‌خوازێت، چونكه ئه‌وكات دۆخی سلێمانیش هاوشێوه‌ی كه‌ركووك ده‌بێت.