ئەندامێکی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال ڕای گەیاند، لەڕێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە مووچەی چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شنگال، لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆمار کراون و حکوومەتی عێراق و مووچەیان پێ دەدات.
قاسم دەربۆ، ئەندامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال، ڕاگەیاند: “لەم دواییانەدا حکوومەتی عێراق، مووچەی چەکدارانی پەکەکەی لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کردووە و مانگی ڕابردوو لەلایەن بەغداوە مووچەی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری شنگال پێیان دراوە و بۆ هەر چەکدارێک یەک ملیۆن دینار مووچە دراوە”.
ئەو ئەندامەی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال گوتیشی: “بەڵام پەکەکە لەو یەک ملیۆن دینارە، تەنیا ٤٠٠ دۆلاری دەداتە چەکدارەکانی و باقییەکی بۆ خۆی هەڵدەگرێت”.
قاسم دەربۆ ڕاشی گەیاند: “بەغدا لەسەر دابینکردنی چەکدارانی پەکەکە لەناو حەشدی شەعبی بەردەوامە، هەموانیش دەزانین گرووپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن، هەر بۆیە نەیانتوانیوە ڕێگری لە پەکەکە بکەن و سەقامگیری لە شنگال دابین بکەن”.