ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان، به ڕاسپاردهی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد، هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێک بهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان بە بێ جیاوازی.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/1/7، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا.
له كۆبوونهوهكهدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە کەمال ئەتروشی، وەزیری نوێی سامانە سروشتییەکان کرد بە بۆنەی متمانەوەرگرتنی لە پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و پێشبینی و پێشنیازەکانی وەزارەتەکان، له بارهی ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021.
لای خۆیهوه، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕاپۆرتێکی لهسهر دۆخی دارایی ههنووكهی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
له بهشێكی دیكهی كۆبوونهوهكهدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەکی كاتهكی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی یەکەمی بودجە.
ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوە دا، کە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕیکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا، بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە، دەسەڵاتی یاسایی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی.
سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دراون بۆ ڕێکخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنوورییەکان، بە ڕەچاوکردنی داھات و بەرژەوەندیی گشتی.