نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / عێراق بەرەو كوێ؟ هەرێمی كوردستان، كام ڕێگا؟

عێراق بەرەو كوێ؟ هەرێمی كوردستان، كام ڕێگا؟

سەهین موفتی

عێراق بەرەو كوێ؟ هەرێمی كوردستان، كام ڕێگا؟

هەموو ئەم جموجۆڵە سیاسییەی دوو ساڵی رابردوو لە عێراق، ئاماژە بەو ئەگەرە بەهێزە دەدەن، ئەم وڵاتە بەرەو هەرەسی (سیاسی، دارایی، ئابووری و ئیداری) هەنگاو دەنێت.

نوێترین نیشانەی هەموو ئەم شکستانە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکییە لە بەرامبەر دیناری عێراقی، کە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیر کراوە و لە ئێستاوە لێكەوتەكانی لە نێو بازاڕەكانی دراودا دەبینرێت، ئەمەیش شێوازێكە لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بەبێ ئەوەی بە ناوی بنرێت لێبڕێن و رێژەكەشی لە نێوان سەدا بیست بۆ سەدا بیست و پێنجە! چونکە عێراق بە دۆلار نەوت دەفرۆشێت و بە دینار مووچە دەدات!

لە ماوەی دوو ساڵدا، لە بەغدای دوای عەبادی، دوو سەرۆک وەزیران و دوو سێ راسپێردراویش بۆ پێکهێنانی کابینەی حكوومەتی فیدڕاڵی هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسی، جگە لە خۆپیشاندانی شەقام و تووڕەیی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی و ئیداریی عێراق، ئەم عێراقە تا مانگی ئەیلوولی رابردوو، بڕی 133 ملیار دۆلار قەرزدار بوو! بەم دواییەش لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراقدا 26 ملیار دۆلاری دیكە قەرز زیاد كرا. ئابووریناسان دەڵێن، ئەگەر ئەمە شکستی ئابووری و داتەپینی وڵاتەکە نەبێت، چ ناوێکی لێ بندرێت؟

تەنانەت شارەزایانی بوارەكە پێیان وایە، لە چەند مانگی داهاتوودا، ئابووریی عێراق بەتەواوەتی دادەڕمێ و هەرەسی خۆی رادەگەیەنێ، کە ئەمەیش دەرەنجامی شکستی ئیدارەدانی وڵاتەکەیە لە 2003ەوە تا ئەمڕۆ، بەوەی پێكهاتەی عەرەبی شیعە نەیتوانیوە وەک پێویست دەسەڵاتی ئیدارەدانی وڵات رایی بکات!

هەرێمی کوردستان، چەند رێی لەبەردەم دان؟
پێشتر، لە نووسینی دیکەمدا ئاماژەم کردووە بەوەی، وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵ و هەنگاوێک بۆ بچووککردنەوە و تەنانەت سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەهاوێن ئەگەر لە دەستیان بێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکوڕی و قەیران و ململانێ ناوخۆییەکانی، دەیان هەنگاو لەپێش بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت چەند وڵاتێکی دراوسێشە!

ئەگەر، کۆماری ئیسلامیی ئێران، یا تورکیا بە کوردستان بەراورد بکەین، بەڵام بەویژدانەوە، ئاخۆ داهاتی تاکەکەس لە کام لەم شوێنانە باشتر و دەرفەتی وەدەستخستنی زێدەترە، بەدڵنیاییەوە کوردستان بەو پێیەی، ساڵانی زێڕین (ساڵانی هەبوونی پارە، تا کۆتایی 2014)، زۆرینەی ماڵ، دوو سێ ئۆتۆمبێلی لە بەردەرگا وەستێندرابوو!

یانیش رێژەی زۆری دانیشتوان و هاونیشتمانییان وەربگرین، لە نێوان کرێنشینان و موڵکی کەسی، بەدڵنیاییەوە ئەوانەی خاوەن موڵکن، لە کرێنشین زێدەترن لە كوردستاندا، بە پێچەوانەی عێراق و وڵاتانی دیكەی دەوروبەر.

هەنووکە، ئەم قەیرانە ئابووری و تەندروستییە، پاشان سیاسییە، زۆرینەی وڵاتانی گرتووەتەوە، بەڵام بەهۆی دەستتێوەردان و یاریکردن بە ئاستی هۆشیاریی تاکی کۆمەڵگەی کوردی، ئەم کێشانە زێدەتر لەنێو هەرێمی کوردستان زەق کراونەتەوە، تا ئاستی ئەوەی خەڵکانێک بەبێ گوێدانە هیچ قوربانیدانێکی دەیان ساڵەی گەلی كوردستان، یا بەخشینی ئەم هەموو خوێنە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، لەپێناو قەوارەیەکی وەک ئێستای هەرێمی کوردستان، دێن و باس لە گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا دەکەن، ئاخر کام بەغدا؟ بەغدایەک، کە دەزگاكانی توێژینەوە و شارەزایان ئەگەری بەهێزیان ئەوەیە، چەند مانگی داهاتوو شکستی تەواوەتیی دارایی رادەگەیەنێت؟ یا بەغدایەک، کە لە 2003ەوە تا ئێستا، شەقامێکی نوێ، یا باڵەخانەیەک، یا پڕۆژەیەکی شیاوی لێ چێ نەبووە، ئەوەی هەیە، هی سەردەمی سەدام حوسێنە.

بۆیە، دوو رێگا لەبەردەم هەرێمی کوردستان دان، یا ئەوەتا لەگەڵ دوای ئەو جاش و جاشولکانە بکەوین کە داوای باوەشی بەغدا دەکەن، یانیش ئەوەتا، لە هەموو ئەگەرێکی رێکنەکەوتنی (هەولێر – بەغدا) كە هەرچەندە هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەییەكی نیشانداوە و لە لایەن بەغداوە بە هۆكاری سیاسی، هیچ نەرمییەك نابینرێت، تا ئاستی بەرگریکردن، رووبەڕووی ببینەوە و ئیدی بەم داهاتەی لەنێوەخۆدا هەیە بیر لە خۆژیاندنی خۆماڵی بکەینەوە؟.

لە هەڵبژاردنی رێی دووەمدا گومانم نییە بەوەی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ئایندەدا سەركەوتوو بێت و جارێكی دیكە گەشە بە خۆی بداتەوە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەتا دوا خولەک بەرگریی مانەوەی ئەم قەوارەیە دەکات، رێی یەکەمیش پیرۆزی هەر کەسێک بێت، کە ناوی بچێتە مێژووی جاشێتییەوە.

بەپەلە

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *