
چەندین بەڵگە دەیسەلمێنێ کە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و دەستی دەرەکی دەستیان لەو ئاژاوەگێڕییەی سنووری سلێمانیدا هەیە. چاودێرێکی سیاسییش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەکەکە لە یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووە بە بەڵا بەسەر خەڵکەوە و پەلاماری هەرێمی کوردستانی داوە.
سیروان حەمەشەریف، چاودێری سیاسی لە سلێمانی، گەیاند، هۆکارەکانی ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروست بووە زۆرن و هەر بۆشاییەک لە هەرێمی کوردستان هەبێت، دەستی دەرەکی و نەیارانی تێدەكەوێت. گوتیشی: ”نەیارەکانی هەرێمی کوردستان زۆرن و قسەکردنی هەندێ پەرلەمانتار و سیاسی کە هەرێمی کوردستان داهاتی زۆر زیاترە لە مووچەی فەرمانبەران، کاریگەریی هەبووە لەسەر جووڵاندنی شەقام و دواتر شەقام بە ئاراستەی خراپ و دەستی نەیارانی تێكەوتووە“.
ئاماژەی بەوەش دا، پەکەکە لە یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە بەڵا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە و خۆی وەکوو نەیارێک لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان داوە، گوتیشی: ”مافی هەرێمی کوردستان بووە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە کۆتایی بە کێشەی پەکەکە لەسەر خاکەکەی بهێنێت، چونکە ناکرێ هێزێک لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە هەبێت بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ“.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە