
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای گەیاند، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بارودۆخی كەركووك نالەبارە و بەرپرسانی كورد ئێستاشی لەگەڵدابێ لە پۆستەكانیان لادەبرێن، دووپاتی كردەوە كە ئێستا كورد لە كەركووك لە هەموو ڕوویەكەوە بە ناخۆشترین قۆناغەكانیدا تێدەپەڕێت.
لە سێیەمین ساڵیادی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە تاقمێكی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەركردایەتیی لاهوور جەنگی ئەنجامیان دا، جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و كادیری پێشكەوتووی یەكگرتووی ئیسلامی، ڕاگەیاند، بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، ئێستا كورد لە كەركووك لە هەموو ڕوویەكەوە بە ناخۆشترین قۆناغەكانیدا تێدەپەڕێت، ئێستا لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كەركووك لاوازترین ئەو لایەنانەن كە لە شارەكە هەن، بەڕێوەبەرە كوردەكان ئێستاشی لەگەڵدابێ لەپۆستەكانیان لادەدرێن و عەرەب لە شوێنەكانیان دادەنرێت”.
گوتیشی، ڕەوشی خزمەتگوزاری لە كەركووك خراپە، بەڵام پێش 16ی ئۆكتۆبەر وانەبوو و لەلایەكی تریشەوە خوڵ و خاشاك شاری كەركووكی تەنیوە و ژینگەی شارەكە پیس بووە.
سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، جوان حەسەن، گوتی هەوڵ هەبووە بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام لەواقیعدا هیچ نەكراوە و هێزەكانی دەرەوەی شارەكە هەر لە شارەكەن و هەنگاوی كرداری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك نەنراوە، ئەو بابەتەش خەریكە وەكوو پرسی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی لێ دێت، كە ئەوە چەند ساڵێكە تێپەڕیوە هێشتا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكراوە.
لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سەدان هەزار هاووڵاتیی كوردی ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و دەیان كەس شەهید بوون و زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا و هێزەكانی عێراق، تەنانەت هێزەكانی سەر بە تاقمە خیانەتكارەكەی نێو یەكێتییش چەك كران و تەنیا چەند پارچە چەكێكی بچووك لە بارەگاكانی حزبەكەیان لە كەركووك هێڵدرایەوە.