بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه، رێكه‌وتی 29ی ئه‌یلولی 2020، له‌ژێر چاودێری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك پڕۆژه له شاری هه‌ولێر بكرێنه‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كاتژمێر 10:00ی پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی له‌ژێر چاودێری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم و فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر، پڕۆژه‌كانی وێستگه‌ی كاره‌بای ئازادی نوێ 132 كه‌یڤی، راكێشانی هێڵی پاڵه‌په‌ستۆی به‌رزی 132 كه‌یڤی و ده‌ركردنی فیده‌ره‌كانی 33 كه‌یڤی و 11 كه‌یڤی له شاری هه‌ولێر ده‌كرێنه‌وه.
وێستگه‌ی كاره‌بای ئازادی نوێ 11، 33، 132 كه‌یڤی به گوژمه‌ی 14 ملیۆن و 770 هه‌زار و 191 دۆلار له‌لایه‌ن كۆمپانیای بێست “Best”ـه‌وه جێبه‌جێ كراوه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه، به كردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژانه به‌شێكی زۆری كێشه‌ی كاره‌بای ناو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌بن.
به‌ستنه‌وه‌ی هێڵی پاڵه‌په‌ستۆی به‌رزی 132 كه‌یڤیی “ئازادی نوێ – رۆژئاوای هه‌ولێر” له پارێزگای هه‌ولێر پێكهاتووه له 18 تاوه‌ر و به درێژی نزیكه‌ی 6 كیلۆمه‌تر له‌لایه‌ن كۆمپانیای “ماس”ـه‌وه به گوژمه‌ی ملیۆنێك و 415 هه‌زار دۆلار جێبه‌جێ كراوه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی راكێشانی 2 فیده‌ری 33 كه‌یڤی به كێبڵی ژێرزه‌وی له وێستگه‌ی 132 كه‌یڤی ئازادی نوێ بۆ وێستگه‌ی رووناكی به گوژمه‌ی 3 ملیار و 23 ملیۆن و 407 هه‌زار دینار، له ماوه‌ی 120 رۆژدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای “شاندز”ـه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت