مه‌لا به‌ختیار كتێبه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه‌و په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كرد، ڕاشیگه‌یاند، “پێمخۆشه لیژنه‌تان دروستكردوه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌م، به‌ڵام تكایه كۆنه جاش مه‌هێنن ڕه‌خنه‌ى له‌من بگرێت ئه‌وه زۆر عه‌یبه”.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه له‌شارى سلێمانى، مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌راسیمێكدا كتێبه‌كه‌ى (له‌برى بیره‌وه‌رى) بڵاوكرده‌وه‌و له‌وته‌یه‌كیشدا وه‌ڵامى سه‌رجه‌م ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى دایه‌وه كه له‌ئه‌نجامى نوسینى كتێبه‌كه‌یدا لێى گیراوه له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه.
مه‌لا به‌ختیار له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى پێى وتراوه تاوه‌كو نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ژیاندا مابوو نه‌یووێراوه ئه‌م ڕه‌خنانه بگرێت كه ئێستا گرتویه‌تى ئاشكرایكرد:”ساڵى 2008 به‌كاك نه‌وشیروانم وت من و تۆ جیاوازیمان زۆر زۆره، وه‌ره با بچینه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و مونازه‌ره‌یه‌ك بكه‌ین، هه‌ر ئه‌وكاتیش عومه‌ر شێخ موس وتى من به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌م، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان ڕه‌تیكرده‌وه‌و ئاماده نه‌بوو”.
وتیشى:”ئه‌وه‌ى ده‌ڵێت نه‌توێراوه قسه بكه‌ى تا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ژیاندا مابوو، ئه‌وانه نه‌خوێنده‌وارن و هیچ ئاگادارى مێژوو نین”.
ڕه‌خنه‌ى له‌وه‌ش گرت نه‌وشیروان مسته‌فا بوه هۆكارى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى بكه‌وێته لێوارى مه‌رگه‌وه، ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه، “خه‌ڵك وتار‌و ڕه‌خنه له‌سه‌ر لینین و جڤاراو ماوسى تۆن و ستالین ده‌نوسن و ڕه‌خنه‌ى لێ ده‌گرن، ناكرێت له‌ڕوى مێژوه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌مردوه‌و ناكرێت ئێمه له‌سه‌رى نه‌نوسین”.
مه‌لا به‌ختیار له‌وه‌ڵامى ئه‌و نوسینانه‌ى له‌سه‌رى نوسراون وتى:”ئەدەبى مێژوو، به‌بێ ئه‌ده‌ب ناكرێ و نانوسرێته‌وه، هه‌روه‌كو چۆن بڵاوكردنه‌وه‌ى ژماره ته‌له‌فۆنى خێزانه‌كه‌م له‌لایه‌ن ئه‌و بێ ئه‌ده‌بانه‌وه، تێگه‌یشتین ئاراسته‌ى ڕه‌خنه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات”.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه، له‌كتێبه‌كه‌یدا هیچ ڕه‌فتارێكى تایبه‌تى نه‌وشیروان مسته‌فاى باسنه‌كردوه، “له‌كاتێكدا له‌ساڵى 1977وه كاك نه‌وشیروان ده‌ناسم و دونیایه‌ك بابه‌تى تایبه‌تى ژیانى ئه‌وم له‌لایه، به‌ڵام ئه‌خلاقم ڕێگه‌م نادا ئه‌و بێئه‌خلاقیه‌ى به‌رامبه‌رم ده‌كرێ من بیكه‌م”.
ئاشكراشیكرد، “سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گرده‌كه لیژنه‌یه‌ك دروستكراوه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى كتێبه‌كه‌م بده‌نه‌وه، من ئه‌مه‌م به‌دڵه‌و پێمخۆشه، به‌ڵام تكا له‌گۆڕان ده‌كه‌م كۆنه جاش مه‌هێنن له‌سۆشیال میدیا قسه له‌سه‌ر من بكات، چونكه زۆر عه‌یبه‌یه”.