ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا دەكات، بە بابەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا، ”خەڵكی نەخەڵەتێندرێن“، چونكە هەرێمی كوردستان دەستوورییە و ”بە كەس هەڵناوەشێتەوە.
لە بەرامبەردا بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق نووسینێكی بە ناوی (شەڕە قسەی ناو میدیا نامانگەیەنێت بە هیچ) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە: ”بە دروست کردنی بابەتی جەدەل لەسەر قەوارەی ھەرێم و دژە ھەرێم خەڵک چەواشە مەکەن.
دهنوسێت: ھەرێمی کوردستان دەستوورییە و بە کەس ھەڵناوەشێتەوە. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستان، گۆڕینی دەستوور و ڕاپرسی گەرەکە کە لەم ھەلومەرجەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، سەختە و بگرە مەحاڵە.
هاوكات ڕوونی كردووەتەوەبە لێدوانی سەیر و سەمەرە لەسەر مووچە و گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا خەڵکی مەخەڵەتێنن. ھەموو کەسێکی ئیداری دەزانێت کە ئەمە مەسەلەیەکی ئیداری و میلاکاتە و ھەر فەرمانبەرێک سەر بە وەزارەتێکە و میلاکی ھەیە لەسەر وەزارەتەکەی، بۆ گواستنەوەی مووچە دەبێت میلاک بگوازرێتەوە، واتا دەبێت میلاکی تاک بە تاکی فەرمانبەرانی ھەرێم بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی حكوومەتی مەركەز. ئەمەش بێجگە لەوەی گۆڕینی بەرێوەبەرایەتییەکان دەگەیەنێت و بێ نان کردنی ئەو ھەموو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەکاندا کار دەکەن، ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ھەرێمیش دەگەیەنێت کە وەکو ئاماژەم پێدا، ھەرێم دەستوورییە و بێ گۆڕینی دەستووری عێراق و ڕاپرسی، ئەمە ناکرێت.
داواشی كردووە كە خەڵكی بەم لێدوانانە ”كە هیچ بنەمایەكی یاسایی و ئیدارییان نییە، سەرقاڵ نەكرێن، بەڵكوو ”وەرن ھەموو لایەنەکانی ھەرێم پێکەوە، بێ یەکتری تەخوین کردن بە نانیشتمانی، بێ وەڵام و وەڵامدانەوەی یەکتری، بێ تۆمەت بەخشینەوە بە یەکتری، بێ لێدوان و نووسینی نالۆژیكی، بێین و بە دوای چارەسەردا بگەڕێین، با بێین و خەونی دوژمنەکانمان بە پەرتەوازەیی کورد لە گۆڕ بنێین. با بێین و چارەسەری ریشەیی بدۆزینەوە، ھیچ سەخت نییە، ھەزار میل بە یەک ھەنگاو دەست پێدەکات، با دەست پێبكەین، هەموومان پێكەوە“