
دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە سەنگاو
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سەنگاو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئەیلوول، قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێکرد، کە تێیدا ١٠٠ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.
وردەکاریی پرۆسەکە:
- مەرجی بەشداربوون: دابەشکردنەکە بەپێی سیستمێک بۆ ئەو کەسانەیە کە خاڵەکانیان لە نێوان (٣٥ بۆ ١٧) خاڵدایە.
- شێوازی دابەشکردن: بە ڕێگەی تیروپشک و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگاو و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
- ڕووبەری زەوییەکان: ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک ٢٠٠ مەترە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی ڕۆژی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤ی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوون. پرۆسەکە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێکرد و پاشان هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە