نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان

سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆرانی كرد كە لەو ساتە پڕ لە ئازارانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان دان.

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەمووزی 1983، بەشێک بوو لە دەستپێكی زنجیرە تاوانێکی ڕێکخراو، لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەهەزار گەنجی کوردی فەیلی، تا شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان، تەعریب و ڕاگواستن و دەیان تاوانی نامرۆڤانەی تر كە بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و شکاندنی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەكەمان لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون. لە ئەنفالی بارزانییەکاندا، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی گەنج و پیری بارزانی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و کوردبوون و بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەر کرد و دوای ڕاگواستنیان، بە شێوازێکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن.

جێگەی داخێکی زۆرە، تا ئێستاش برینی هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.

لە چل و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەم كە لەو ساتە پڕ لە ئازارانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. پێزانینم بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بەهێز و خۆڕاگرانەی بارزانی هەیە کە ساڵانێکی زۆر، ئازاری دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشت، بەڵام سەریان دانەنواند و هەزاران ڕۆڵەی سەربەرز و نیشتیمانپەروەریان پێگەیاند.

لەم یادە دڵتەزێنەدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و سەرجەم شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

31ی تەممووزی 2026

بەپەلە

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکان

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکان ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *