بەناوی خودای گەورەی میهرەبان
بەڕێزان
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
سڵاوێکی گەرم….
دەمەوێت لەڕێی ئەم نامەیەمەوە، سەرنج و تێبینی بەڕێزتان ڕابکێشم، سەبارەت بەهەوڵی بەردەوامی شکاندنی کۆدی مۆبایلەکانم لەئەم دەمدا، بەفەرمانی هەندێ کەس و لایەنی پەیوەندیدار لەڕووداوی دەستگیرکردنم، دوور لەویست و ئیرادەم. لەکاتێکدا لەزیندان و ئەودەم کەدیل و بێ دەسەڵات کەوتمە بەر چنگیان، سەرباری هەموو ئەوانەی بەسەریان هێنام لەئەشکەنجە و هەڕەشەی پۆخڵ و دەستەواژەی چڵکن و ئازاردان، تا خەریک بوونیان بۆ بەلاڕێدا بردنی هۆکاری پەلاماردانم، چاوەڕوانیی مەرگمم هەڵبژارد و بەئەندامەکانی جەستەم و دەروونی تەواو ماندوو، بەرگریم کرد و دەست بەرداری ئەو مافە سادە و سەرەتاییەم نەبووم، کە (بۆخۆم هێشتنەوە)ی کۆدەکان بوو. هەموو ئەمانەش تەنها لەپێناو پارێزگاریی لەبەهاکانی ژیان و دواتر بەرزڕاگرتنی حورمەتی خێزان و ئازیزان. جا گوریسی دڕکاوی ئەم چیرۆکە لەپای بەهاناوە چوونی برام بەرۆکیان گرتم، لەکاتێکدا هەوڵمدا بەربەست بم لەسوتانی جەرگی دایکم و ئەو دایکانەی ڕۆڵەکانیان بەزۆر تاڵاوی ژەهری جەنگێکی ناپێویستیان پێ نۆشکرا.
ئێستاش لەئێوەی قەدرگران داواکارم، بەهەر ڕێکارێکی فەرمی کەپێتان دروست و گونجاو و ڕێپێدراو بێت، دۆسیەیەکی یاسایی دروست بکەن لەدادگایەکی بێگەرد و پارێزگاری ئەو مافەم بن، هاوکات بەوپەڕی سەربەرزیمەوە گەردنم لەئاستی یاسا و دادپەروەری نەوی بێت، گەر لەهەر تاوانێک تێوە گلاوبم (دژ بێت بەقەوارەی هەرێم، گێرەشێوێنی، ناپاکی، تیرۆر، سیخوڕی، مادەی هۆشبەر یا هەوڵی دەستدرێژی بۆ سەروەری و سەرو سامان).
دواجار تکاکارم، بەحەق هاوکاریتان بفەرموون هەتا بتوانم وەک کوردێکی (ئازاد، مەدەنی، سەربەست، سەربەخۆ، ڕژد و مکوڕ) لەسەر پێکانم خۆڕاگر و هێندەی توانام لەتێکۆشان بەردەوامی بدەم وەک پاڵپشتی مافی خۆشەویست و هاوڕێکانم. ئەویش لەدوای پشتیوانی پەروەردگار.
(وإنِّي عُذتُ بربِّي وربِّكُم)
(وربُّنا الرحمنُ المُّستَعان)
هێمن هادی یە سوور
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە