
دۆسیەی گیانلەدەستدانی “غەزال مەولان”، ئەو کچە تەمەن 18 ساڵەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشی درۆنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بریندار ببوو، دواتر هیچ نەخۆشخانەیەک ئامادە نەبوو وەری بگرێت تا ژیانی لە دەست دا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە رۆشنبیرییەکان لێکەوتووەتەوە.
هەڵوێستی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە غەزال مەولان پاش برینداربوونی، بەبیانوی “نەبوونی پێداویستی” و دواتریش بەبیانووی یاسایی وەک “نەبوونی مۆڵەتی پۆلیس بۆ چارەسەری بریندارانی رووداوەکان”، لەلایەن چەند نەخۆشخانەیەکەوە وەرنەگیراوە.
دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە “چارەسەرکردنی نەخۆش سەرەتاییترین مافی مرۆڤە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک پشتگوێ بخرێت.”
هەروەها رەخنەی توندیان لە رێگریکردن لە ئەنجامدانی مەراسمی ئایینی و شۆردنی تەرمەکە لە مزگەوتەکان گرتووە، کە بە پێچەوانەی بنەما عورفی و ئایینییەکان وەسفیان کردووە.
دەستەکە داوای دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا دەکات لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، وەزارەتی تەندروستی و لایەنی ئەمنی بە چاودێری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ بەدوا داچوون و لێکۆڵینەوە لە راستی رووداوەکە و دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم و حەواڵەکردنی کەیسەکە بۆ لایەنی یاسایی و دواتر راگەیاندنی دەرەنجامەکەی بۆ رای گشتی.
راگەیەنراوەی رۆشنبیران و هونەرمەندان و چالاکوانانی مەدەنی
هاوکات، بەرەیەکی فراوان لە رۆشنبیران و چالاکوانانی باشووری کوردستان، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، مەرگی غەزال مەولانیان وەک “شەهیدبوونی کچە شۆڕشگێڕێکی کورد” ناوبرد.
ئەوان بە دیاریکراوی ناوی نەخۆشخانەکانی (بەخشین و ئاسیا)یان هێناوە و بڕیاری وەرنەگرتنی بریندارەکەیان وەک “لادان لە ئاکاری پزیشکی و شکاندنی سوێندی یاسایی” وەسف کردووە.
رۆشنبیران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی تایبەتن بە “کەیسی تاوان”، نەک “بەرکەوتووانی بۆمبارانی جەنگ”، بۆیە ئەو پاساوانەی نەخۆشخانەکان بۆ رزگارنەکردنی ژیانی غەزال بە قبوڵنەکراو دەزانن.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە