
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت، هیچ كەس و لایەنێك لەگەڵ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران نەبووە و ئێمە لە هەوڵی یاسای چاكسازیدان، بەڵام بڕینی رێژەیەكی مووچەی فەرمانبەرانیش بە رازیبوونی هەمووان بووە و با موزایەدەكردن بوەستێت.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان،راگەیاند، كەمكردنەوەی مووچە و ئەو بارودۆخەی دروست بووە، هەموومان لێی بەرپرسین و بەرپرسیارییەتیش هەڵدەگرین، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین یاسای چاكسازی جێبەجێ بكرێت و كاری باش بكرێت، هەر كەس و لایەنێك موزایەدە دەكات بەسەر ئەوی تر، خۆی بەشدارە لەو بڕیارانە.
زیاتر گوتی، هیچكامان لەگەڵ بڕینی مووچە نەبووین، هەر كەسێكیش موزایەدە دەكات و قسە بەرانبەر بە گۆڕان دەكات، ئەوپەڕی ناهەقییە، موزایەدەكردن بۆ ئەوانە ناچێتەسەر، ئەگەر بەشداریت لە بڕیارێكدا كرد، دەبێت راشكاوانە بە لایەنگرانی خۆت بڵێی، بارودۆخی كوردستان وا پێویست دەكات كە بۆ مانگێك ئەو دۆخە دروست دەبێت، نەك بەشدار بیت لە بڕیار و لە حكوومەت بەشداری و وەزیر و سەرۆكایەتیش كەست هەیە، بەڵام بڵێی لەگەڵ بڕینی مووچە نەبووم.
بەداخەوە موزایەدە بەسەر هاووڵاتییان دەكرێت كە ئەوان لە دۆخێكی خراپدان، لەبری ئەوەی دڵنەوایی خەڵك بكرێت و بەڵێن بە هاووڵاتی بدەن كە لە كاتی بانگەشەدا چەندین بەڵێن دراوە و هیچیان جێبەجێ نەكردووە، ئەو لایەنەی موزایەدە دەكات خەڵك زۆر باش دەیانناسێت، نەسرەدین مەحموود وای گوت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە