
وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکیدا هاتووە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ژمارەی ئەو کۆگا و جێگایانەی چەکی کیمیاییان تێدا هەڵگیراوە زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو.
کۆگای چەکە کیماییەکان بۆ سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، لەسەردەمی ناوبراودا لەژێر ناوی ناوەندی توێژینەوەی سەربازیی، چەکی کیمیایی دروستکراوە.
بەپێی راپۆرتەکە چەکە کیمیاییەکان، سارین، گازی کلۆری بکوژ لەخۆدەگرێت، لەسەردەمی حوکمڕانی خۆیدا، بەشار ئەسەد دژی نەیارەکانی و هاوڵاتی سڤیلی سوریا بەکاریهێناوە.
دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، حوکمی کەوتووەتە دەست دەستەی تەحریر شام، کە لە لیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، بۆیە وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان ترسیان لەوە هەیە ئەو چەکە کیمیاییانە بکەوێتە دەست دەستەی تەحریر شام و بەکاری بهێنێت دژی نەیارەکانی بەتایبەت کەمینەکان.
هەرچەندە حکومەتەکەی تەحریر شام رایگەیاندووە کە پاشماوەی چەکە کیمیاییەکان لەناو دەبات ئەویش دوای سەردانی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، بەڵام رێکخراوەکان بەگومانن.
شەیبانی لە مانگی ئازاردا سەردانی بارەگای چاودێری چەکی کیمیایی جیهانی لە لاهای کرد و رایگەیاند، “حکومەتی سوریا هەموو پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد لەناو دەبات و پابەند دەبن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان”.