
خۆپیشاندانی گەورە لە ئەمەریكا و ئەوروپا دژ بە بڕیارەكانی ترەمپ و مەسك بەرێوەدەچێت
رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی واشنتن دەڵێن چاوەڕوان دەكرێت 20 هەزار كەس بەشداری خۆپیشاندانەكەی پاركی مۆڵی نیشتمانی كردبێت.
خۆپیشاندان لە ئەوروپا
هەزاران كەسیش لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی دژی سیاسەتەكانی ترەمپ و ئیلۆن مەسكی ڕاوێژكاری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
لە چەند شارێكی ئەڵمانیا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران لە بەرلین لەبەردەم پێشانگای ئۆتۆمبێلی “تێسلا” كە ئیلۆن مەسك خاوەنداری دەكات كۆبوونەوە، چەند پۆستەرێكیان بەدەستەوە بوو كە داوایان لە ئەمەریكیەكانی ئەڵمانیا دەكرد دژ بە سیاسەتەكانی ترەمپ بوەستنەوە و كۆتایی بە “بێسەروبەری و ئاژاوە” لە ئەمەریكا بهێنن.
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دەیان كەس كە زۆرینەیان ئەمەریكی بوون كۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان كرد، ئەوان لە مەیدانی كۆماریی كۆبوونەوە و دروشمی دژی ترەمپیان بەرزكردبوەوە، كە زۆربەی باسی ئەو بڕیارانەبوون كە ترەمپ لەبارەی باج بەرامبەر وڵاتانی جیهان دەریكردن، لە بەشێكی دروشمەكانیشدا داوای “ئازادكردنی دیموكراسی” دەكرا.
جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ترەمپ
ئەمڕۆ شەممە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستیكرد بە جێبەجێكردنی باجە گومركییەكان كە ترەمپ سەپاندوونی، ئەمەش هاوكاتی ئەو هەڵاوسانەی تووشی بازاڕەكانی جیهان بووە.
باجە گومركییەكەی ترەمپ بەسەر وڵاتاندا كە لەم قۆناغەدا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ زۆربەی وڵاتان 10% ە و بەسەر كاڵای وڵاتاندا سەپێندراوە. بەڵام باجە زۆرەكان لە چوارشەممەی داهاتوەوە كاریان پێدەكرێت كە بەرهەكانی یەكێتی ئەوروپا دەگرێتەوە و باجی 20% ە، لە چینەوە 34% ە، بەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە باج لەسەر كەلوپەلە چینییەكان گەیشتووەتە 54% .
چین لەبەرامبەر ئەو سزایانەی ئەمەریكا سزای هاوشێوەی سەپاندووە بەسەر سەرجەم كەلوپەلە ئەمەریكیەكاندا، بەڵام دەرگای گفتوگۆشی بە كراوەیی هێشتووەتەوە.