
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە.
رێککەوتنەکە لەلایەن هەریەکە لە مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرعەوە واژۆکراوە دواى کۆبوونەوەى نێوانیان لەرۆژى 10 ى ئازارى 2025، کە تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوەکانى ئیدارەى خۆسەر لەگەڵ حکومەتى دیمەشق، راگەیاندنى ئاگربەست و مافەکانى کورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقى رێککەوتنەکە کە سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا بڵاویکردووەتەوە.
خاڵى یەکەمى رێککەوتنەکە تایبەتە بە گرەنتى مافى سەرجەم هاوڵاتییانى سوریا لە نوێنەرایەتى و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى سیاسی و سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت، خاڵى دووەمیش تاییەتە بەوەى کە مافە دەستورییەکانى کورد گرەنتى دەکرێت و کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵى سێیەمى رێککەوتنەکەدا، جەخت لە راگەیاندنى ئاگربەست لەسەرتاسەرى سوریا کراوەتەوە. خاڵى چوارەمیش تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوە سەربازى و مەدەنییەکانى ئیدارەى خۆسەر لەچوارچێوەى سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگەکانى نەوت و غاز.
بەپێی خاڵى پێنجەمى رێککەوتنەکە، پێویستە گرەنتى گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان بکرێت بۆ ناوچەکانیان. هەروەها لەخاڵى شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیکردنى دەوڵەت کراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى پاشماوەکانى ئەسەد. خاڵى حەوتەمیش تایبەتە بە رەتکردنەوەى دابەشبوونى سوریا.
لەخاڵى هەشتەم و کۆتایی رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە لیژنە تایبەتمەندەکان پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.
بەپێی میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان، هەلیکۆپتەرێکى ئەمەریکى لەجۆرى ئەپاچى وەفدى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى بەسەرۆکایەتى مەزڵوم عەبدى لە دەوروبەرى حمسەوە بەرەو فڕۆکەخانەیەکى سەربازى لەدەوروبەرى دیمەشق گواستووەتەوە بۆ واژۆکردنى رێککەوتنەکە.

