
چاوەڕوان دەكرێت هاوپەیمانییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بە درێژایی دابەش ببن، واتە پەیوەست نەبن بە پێكهاتەیەكەوە و ڕەنگاو ڕەنگ بن لەنێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق، ئەمەش وادەكات هیچ لایەنێك بەبێ ئەوی دیكە نەتوانێت بڕیار بدات و قۆرغكاری بكات. ئەمەش بەوتەی ڕەوتی حیكمە كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات.
هۆكاری یەكلاكەرەوە
جوڵەی هەڕەمەكی هێزە سیاسییە سەرەكییەكان دەستیپێكردووە، بەڵام بڕیاری شكاندنی ئەو گۆشەگیرییەی تێیدایە لەلایەن سەدرەوە ڕەنگە ڕیسەكە لەو هێزانە بكاتەوە بە خوری.
زیاتر لە دوو ساڵە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەكاری سیاسی دووركەوتووەتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ هێزەكانی دیكەی شیعە لەناوچەی سەوزی بەغداد لە هاوینی 2022 بەریەككەوتن.
پەرلەمانتارێكی پێشووی سەدر بە پێگەی “مەدا” ی وتووە “گەڕانەوەی موقتەدا سەدر دەبێتە گردێك لەبەردەم هێزە سیاسییەكان كە خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكەن”.
بەوتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
تائێستا بڕیاری یەكلاكەرەوەی سەدر نییە بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردن، هەرچەندە هەڵمەتی دەستپێكردووە تا لایەنگرانی بچن كارتی دەنگدان نوێ بكەنەوە.
پێدەچێت موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بریاری كۆتایی سەبارەت بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دوای ڕەمەزان بدات یاخود پشووی جەژن.
پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا سەدر “دەرزی” بۆ دژەكانی لە هاوپەیمانی شیعە بكات، كە پەیوەستە بە هەڵوێستە سیاسییەكانەوە، یەكەم دەرزیش بە داوای نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان دەستیپێكرد