مەسرور بارزانی: گەورەترین پڕۆژەی گەشتوگوزاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەلی عەلی بەگ دروست دەکەین
لە وەڵامی پرسیارێكی كەناڵی العربیە، كە “ئایا پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانیتان لە ناوچە چیاییەكان هەیە؟ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: بەڵێ زۆر پرۆژەی گەورەمان هەیە، تۆ باست لەوە كرد كە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ئاستی داواكراو نەبووە، بەڵام ئێمە هەنگاوی جددی و گرنگمان ناوە بۆ دووبارە بونیادنان و زیندووكردنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
سەرۆكی حكوومەت ڕاشیگەیاندووە: كێشەی ئاو كێشەیەكی جددییە، لەم ڕووەشەوە دەستمان بە زۆر پلان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، پێش چەند ڕۆژێك بەردی بناغەی دوو پرۆژەی ئاویی زۆر گرنگمان دانا كە بەشداری دەكەن لە كۆتاییهێنان بە كێشەی کەمئاويی هەولێر بۆ ماوەی سی ساڵی داهاتوو. هەروەها هەمان پرۆژەمان بۆ شارەكانی دیكە هەیە. هەروەك پرۆژەی زۆرمان هەیە تایبەت بە دابینكردنی وزەی كارەبا بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتیيان، هەروەها زۆر پرۆژەی جیاوازمان لە ناوچە چیاییەكان هەیە. بەڵام هەر ناوچەیەك لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناوچە هەیە دەتواندرێت لە كەرتی گەشتوگوزار سوودی لێوەربگیرێت، هەندێكیشیان بۆ پیشەسازی، ناوچەی دیكەش هەن كە دەتوانین لە بواری كشتوكاڵیدا سوودیان لێوەربگرین.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش كردووە: ئێمە ڕەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەكان دەكەین، بۆیە پرۆژەكانمان و بایەخدانێكی تایبەتمان لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانە پێداون. ناوچە چیاییەكانیش بە هەمان شێوە پشكیان لە وەبەرهێنانەكان هەیە، چونكە ناوچەی ڕاكێشەری گەشتیارن، پرۆژەی گەشتیاریی زۆر گەورەمان هەیە كە لەم نزیكانەدا ڕایدەگەیەنین، بە تایبەتیش لە سۆران و بە دیاریكراوییش لە گەلیی عەلی بەگ، ئەو پرۆژەیەش دەبێتە یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست