سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی 7ی 2024، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “دوای ڕەزامەندی و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردنی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بە سەرپەرشتی ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر و جێگرەکەی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن لە دانیشتنی ژمارە 23ـی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بەڕێوە چوو.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە بڕیاری ژمارە 182 لە ڕۆژی 15ی 7ی 2024، لەپێناو خزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی شارەکەمان و بنیاتنانی ئاوەدانیی زیاتر و بۆ بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتیانی کەمدەرامەت، بە تایبەتی فەرمانی ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک، کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.”