نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوکردەوە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوکردەوە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە(36) هەمين ساڵیادی شەهیدانی جینۆسایدی ئەنفالدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، (36) سی و شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدرا، ئەنفال  یەکێک بوو  لە و زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.

وه‌زاره‌ت رایده‌گه‌ێنێت، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیەبوو، جگەلە تەختکردن و وێرانكردنی دێهاتەکان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، بەعس جگە لەپاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کەلتور و زمان  و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆسایدکرد، بەو ئامانجەی جارێکیتر خاک و ئاو و هەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان، بەڵام كەمتر لە (3) ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە مانگی ئازاری ساڵی 1991 کۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری بەعس پاککردەوە و بۆ هەتاهەتایە كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژبەمرۆڤایەتی و گەلەکەمان ئەنجامدابوو. 

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفال كراوان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كەس و كاری سەربڵندی جینۆسایدکراوانی ئەنفال لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشیدا. 

هه‌روه‌ها راشگه‌یه‌ندراوه‌، بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت و پارساڵیش بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدانمان دیدارێکی گرنگمان لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجامدا و تیایدا چەندین توێژینەوەی یاسایی و زانستی گرنگ پێشکەش کران.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی جینۆساید کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنێت، لەمڕۆوەشەوە ساڵی ڕابردوو وەزارەتمان بەشداریەکی چڕو بەرچاوی کرد لە شانزەهەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید IAGSلەشاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا و خۆشبەختانە وەزارەتمان بە هەماهەنگی لە گەڵ KG لۆبی سەنتەر  توانرا بڕیارنامەی بەجینۆسایدناساندنی کەیسەکانی گەلی کورد لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێن، هاوکات هەموو توانا و هەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی  و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن، هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

له‌ كۆتاییدا وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان رایده‌گه‌ێنێت، زیندوویی بۆ شەهیدانی جینۆسایدی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، سەربڵندیی بۆ خانەوادە کانیان.

بەپەلە

مه‌سرور بارزانی: یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، مێژوویەکی پرشنگداری خه‌بات و داكۆكیكردن له‌ مامۆستایانی هه‌یه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی 62ـه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌ …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *