![](http://www.chrka.net/ku/wp-content/uploads/2024/03/db1675cf1436828ebe009a9cc021e061_XL-1024x671.jpg)
ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلینا ڕۆمانسكی، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق كرد و چەند پرسەکی گرنگیان تاوتوێکرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك، عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت.
هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پەرلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن، هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنەبن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە، بەڵكوو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟
سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.