ئەمڕۆ یەكشەممە 18/2/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە: “لە یادی 71 ساڵی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی هەردوو یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر و پێشەنگبوونیان بۆ دەخوازم.”
جێگری سەرۆكی پارتی دەشڵێت: “یەکێتیی قوتابییانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویەکی گەشیان لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و لاوان، پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری، بەرەوپێشبردنی توانا و ئاستی زانستیی قوتابییان و لاوانی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەستکەوتە نیشتمانییەکاندا هەیە.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: “هیوادارم هەردوو یەکێتییەکە، لە کارکردن و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرە سەرکەوتوو بن و لەژێر سەرکردایەتییەکی نوێ و بەهێز، گۆڕانکاریی ڕیشەیی و نوێخوازانە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕێکخراوەیی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا بکەن و بەرەو قۆناغێکی پێشەنگتری ببەن، بە شێوەیەک کە لە ئاست پێشکەوتن و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکانی کوردستان و جیهاندا بن و بە گیانێکی داهێنەرانەوە بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابییان و لاوانی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن، ساڵیادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتوو بن.”