ئەمڕۆ سێشەممە 21/11/2023 لە دووەمین ڕۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لە دهۆک، دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلی سێیەمی کۆڕبەندەکەدا، لەگەڵ مریەم موشیری، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی بیبیسی بەڕێوە چوو.
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە گوتە و وەڵامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
– وەك دەزانین ئێستا ئاڵنگاری لە ناوچەكەدا هەیە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس نیگەرانن، ئێوە چیتان هەیە بۆ ئەم دۆخە؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، ئێمە وەكوو گەلێك كە زۆر شەڕ و نەهامەتیمان دیوە، دەزانین شەڕ چەند وێرانكەرە. بۆیە با بەوە دەست پێ بكەم كە ئێمە دژی شەڕین، نابێ بۆ چارەسەری كێشەكان پەنا بۆ شەڕ ببرێت. ئێمە دەبێ پرسیارێكی دیكە بكەین. ئەگەر سەیری دۆخی غەززە بكەین، ئایا ئەو خەڵكەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشە، یان پێش ٧ی ئۆكتۆبەر؟ پێم وایە وەڵامەكەی زۆر ڕوونە. خەڵكی سڤیل و بێتاوان باجێكی زۆر قورس دەدەن. ئێمە ئیدانەی شەڕ دەكەین، دەبێ چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ هەر ململانێیەك هەبێت كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. زۆر جێی نیگەرانییە كە دەبینین ململانێیەكی دەیان ساڵە پشتگوێ خراوە تا گەیشتە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە. ئێمە دەبێ چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. كاتێك شەڕ دەستی پێ كرد، نازانیت كەی كۆتایی پێ دێت، بەڵام شتێك هەیە دەیزانین كە قوربانییەكان خەڵكی سڤیل و بێتاوانن. دەبێ خەڵكی سڤیل بپارێزرێ، هەموومان نیگەرانیمان هەیە بۆ فراوانبوونی ئەم شەڕە و پەڕینەوەی.
– تۆ پێت وایە كە عێراق ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە؟
مەسرور بارزانی: پێم وایە باشترین شت كە عێراق بیكات ئەوەیە خۆی لەو ململانێیە دوور بخاتەوە، عێراق بەشی خۆی كێشەی هەیە. ئەگەر ڕێگەیەك هەبێت كە هاوكاریی مرۆیی بگەیەنێت ئەوە شتێكی باشە. ئێمەش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هەوڵمان داوە هاوكاریی مرۆیی بگەیەنینە ئەو كەسانەی كە پێویستیان پێیە. بەداخەوە تا ئێستا ئەو دەرفەتە نەبووە و دەسەڵاتدارانی ئەوێ دەروازەكەیان نەكردووەتەوە تا هاوكارییەكە بگەیەنین. عێراق دەكرێ نێوەندگیریی ئاشتی بكات یان هاوكاریی مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێكی باش دەبێت، بەڵام دروشم هاوكاری ئەو خەڵكە نابێت كە پێویستیان بە دەرمان و خۆراك و ئاسایشە. درووشم سوودی نییە و كردار پێویستە.
– لەبارەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان، محەمەد حەلبووسی لە كارەكەی لا دراوە وەك سەرۆكی پەرلەمان، پێت وایە ئاڵنگارییەكان زیاتر بن؟
مەسرور بارزانی: پێم وایە كاتەكەی هەڵە بوو، من باسی بڕیارەكە ناكەم، بەڵام كاتەكە بۆ عێراق باش نەبوو، چونكە زۆر كێشەی جیاوازمان هەیە، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە، كێشەی دیكەمان هەیە كە دەبێ چارەسەریان بكەین. ئەمە قەیران و كێشەیەكی نەخوازراو بوو، نەدەبوو ڕوو بدات، ئەگەر ڕێگەیەك هەبوایە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دەبوو بە كەناڵی جیاواز ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، دەبوایە پەرلەمان ئاگادار بكرایەتەوە و خۆی بڕیارەكە بدات، بەڵام دامەزراوەیەكت هەبێت لە سەروو هەموو شتێكەوە بێت، بڕیارێكی تاكلایەنە بدات بەبێ بیركردنەوە لە دەرئەنجامەكەی كە چی دەبێت؟ دۆخەكە بەگشتی لە عێراق هاوكار نییە. ئەمە كێشەیەكە كە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەكییەكانی هاوبەشی لە عێراقدا. عێراق چەند پێكهاتەیەكی تێدایە، سوننەكان یەكێكن لەو پێكهاتانە كە دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێت و ڕێز لە نوێنەرەكانیشیان بگرێت، هەر گۆڕانكارییەك بكرێت، دەبێ لە ڕێگەی كەناڵی خۆیەوە بكرێت كە قەبووڵكراو بێت لەلایەن حكوومەت و لەلایەن ئەو پێكهاتەشەوە.
– با باسی هەماهەنگییەكان بكەین لەبارەی ئاڵنگاری و ناكۆكییەكانی ناوچەكە، هەندێك كەس كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەبینن لەبارەی دۆسیەی نەوت، تۆ چی دەڵێیت؟
مەسرور بارزانی: جارێكی دیكە ئەمە كێشەیەكە كە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ململانێی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت بەهۆی ئەوەیە كە دەستوور وەك ئەوەی نووسراوە جێبەجێ نەكراوە. كوردستان چەند مافێكی لە دەستووردا هەیە كە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەو مافانە مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەو چەند ساڵە ململانێ و كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە زۆر ڕوونە، ئایا ئێمە وڵاتێكی فیدراڵین، یان بەغدا وڵاتێكی ناوەندگەرایە؟ ئەمە كێشە سەرەكییەكەیە. ئێمە پێمان وایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن و دەسەڵات بدرێتە ناوچەكان وەك ئەوەی لە دەستووردا باس كراوە. بەداخەوە عەقڵیەتێك هەیە لە بەغدا (من ناڵێم هەموویان) كە قۆرخكارە و دەیەوێ هەموو شتێك لە سەنتەرەوە كۆنترۆڵ بكرێت. ئەمە جیاوازییەكەیە.
ئەگەر تۆ وردی بكەیتەوە، سەیری كێشەی نەوتیش بكەی، ئێمە دەبینین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو شتێكی كردووە لەوانەی پێویستن و دەستوور داوای كردووە، ئێمە هەموو ئەركی خۆمان بەجێ گەیاندووە، بەڵام هیچ كات مافی خۆمان وەرنەگرتووە وەكوو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە.
كوردستان پابەندە بە دەستوور ئێمە كارمان كردووە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لەسەر نەوت و پرەنسیپەكانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی كە پێویستمانە لە دامەزراوە فیدراڵییەكانەوە پێمان نەگەیشتووە.
بۆ ئەوەی بە دیاریكراوی قسە بكەم، ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت هەیە، ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەركارن. بە دڵنیاییەوە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لەو گرێبەستانە دەگرین. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تێچوویان هەیە. ئەو كۆمپانیایانەی وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت كردووە، وەكوو بەغدا نییە، كۆمپانیاكان لێرە وەبەرهێنانیان كردووە، بەڵام لە بەغدا وا نییە. بودجەی وەبەرهێنان و تێچووەكەی بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گرێبەستەكانی ئەوان جیاوازە.
نرخێك هەیە پێی دەڵێن نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بەداخەوە بەغدا باس لە ژمارەیەك دەكات بەڕاستی واقیعی نییە. شەش دۆلاری داناوە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت كە دەردەهێنێت، هەندێك بیر هەیە بۆ نموونە لە گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت 34 دۆلارە. دەكرێ لە بیرێكی دیكە شەش دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە هەیە! كاتێك ئێمە پێیان دەڵێین، ئەوان دەڵێن ئەمە تێكڕاكەیەتی، چونكە لە بەشێكی دیكەی وڵات یەك دوو دۆلاری تێ دەچێت.
ڕاستە، بەغداش ڕاست دەكات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، كاتێك بەغدا پارەی تێچووی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرەنەوتێك، ئایا بۆ هەر كۆمپانیایەك شەش دۆلاریان دەداتێ یاخود 34 لێرە و دۆلارێك لەولا؟ بەداخەوە تا ئێستا تێچووی نەوتیان لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكردووە و نازانن چەندە. بۆیە لەم حاڵەتەدا زۆر گرنگە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا كردووە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەو ڕێككەوتننانەیە كە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی، ئەمە مافێكە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی و بە هیچ شێوەیەك وازی لێ ناهێنین. بۆیە لەگەڵ حكوومەت لە بەغدا قسەمان كردووە، دەتوانین لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كار بكەین و بزانین تێچووی نەوت چەندە؟ كە ئەمە تەواو بوو، ئەو كاتە هەناردەی نەوت ئاسان دەبێت، چونكە بەبێ بەرهەم هەناردەت نابێت. كاتێك بەرهەمهێنانمان هەبوو دەچینە قۆناغی داهاتوو، ئەویش هەناردەی نەوتە بۆ توركیا.
– هەموان دەبینن كە ئەم ئاڵنگارییە ئابوورییانە هەن، ئایا ئامادەن دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە؟
مەسرور بارزانی: ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ئامادەین، بەڵام تۆپەكە لە گۆڕەپانی بەغدایە، ئایا ئەوان تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان دەدەن؟ ئەگەر توانییان ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان دەكەنەوە و ئێمەش وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین و بە دڵنیاییشەوە بەرگریی لەو كۆمپانیایانە دەكەین كە متمانەیان بە ئێمە كردووە و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەكەن. كاتێك ئەم ڕێككەوتنانە ڕێزیان لێ گیرا و حكوومەتی فیدراڵی پارەی ئەو كۆمپانیایانەی دا، بە دڵنیاییەوە نەوت هەیە بۆ هەناردە.
ئێمە شاندمان هەیە سەردانی بەغدای كردووە، هەفتەی ڕابردوو لە بەغداوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی باشمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە، چەند جار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و ئەویش تێگەیشتنی باشی هەیە و وەزارەتیش تێگەیشتنی باشی هەیە، بۆیە هیوادارم بە شێوەیەك لە شێوەكان بگەینە ڕێككەوتنێك كە بتوانین دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردە بكەینەوە بەڵام نازانم كەی.
– چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئابووریی خۆی فرەچەشن بكات؟
مەسرور بارزانی: ئەمە گرنگە، كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە، ئێمە زۆر ناوچەمان هەیە كە دەتوانین كاریان تێدا بكەین و ئابووریی خۆمان هەمەچەشن بكەین، سەرچاوەكانی داهات زیاتر بكەین. لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە من هەوڵم داوە ئەم كارە بكەم. بەڵێ نەوتمان هەیە كە دەتوانین هەناردەی بكەین و سوودی لێ ببینین، بەڵام ئەو داهاتەی كە لە سێكتەرێك بە دەستمان دەگات، دەتوانین لە سێكتەرەكانی دیكە وەبەرهێنانی تێدا بكەین و لە سێكتەرەكانی دیكە داهاتمان باشتر دەكات.
من زۆر بە جددی كارم لەسەر سێكتەرەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ كردووە، سەیری ئەوەش دەكەین كە چۆن لە پەروەردە و تەندروستیش كار بكەین.
هەر لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە كە كۆڤید هات، نرخی نەوت دابەزی، بودجەی ئێمە لە بەغداوە بڕا، بەڵام ئێمە توانیمان سەر بكەوین، چونكە چەند كارێكمان كرد، لەوانە پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ كەرتی تایبەت دروست كرد، دەرفەتی زۆر باشمان دا بە كەرتی تایبەت تا هەماهەنگی بكەن و كار لەگەڵ حكوومەت بكەن بۆ ئەوەی ئابووری بەردەوام بێ و شكست نەهێنێت. لە هەمان كاتدا هەوڵمان دا لە چوارچێوەی چاكسازیدا خەرجییەكانی حكوومەت كەم بكەینەوە. ئەمە كاتی ویست هەتاوەكوو دەرئەنجامی ئەو كارانە ببینین كە لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە دەستمان پێ كردووە، بەڵام ئێستا دەبینین سوودەكانی دەركەوتوون. هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەكانمان بۆ كەنداو و ئەورووپا دەستی پێ كردووە، ئەمە هانی جووتیاران دەدات بۆ ئەوەی بچنەوە كێڵگەكانیان و دەست بە كار بكەنەوە، دەبینین بەرهەمە كشتوكاڵییەكان زیادیان كردووە و داهاتیش زیادی كردووە. بۆیە هەموو كارێك دەكەین تاوەكوو داهاتی خۆمان هەمەچەشن بكەین، ئەمە بەشێكە لە چاكسازییەكەمان. من دەمەوێ پێی بڵێم شۆڕش لە گواستنەوەی كوردستان بۆ قۆناغێكی باشتر، چونكە ئەمە تەنیا باسی هەمەچەشنكردنی ئابووری نییە، بەڵكوو ئەمە بە دیجیتاڵكردنی سیستەمی خۆمان و خزمەتگوزارییەكانە لەم كابینەیە.
– زیاترم پێ بڵێ سەبارەت بە سیستەمی بانكی وەك دەزانین سیستەمی دیجیتاڵیتان دامەزراندووە؟
مەسرور بارزانی: بەداخەوە نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە تەواوی عێراقیش، ئابووری پشتی بە كاش بەستووە، ئابوورییەكیش پشتی بە كاش بەستابێت، سنووردارە و ناتوانیت زۆر گەشەی پێ بدەیت. ئەو سیستەمەی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش هەمانە، بەداخەوە زۆر چالاك نەبوون و بە شێوەیەكی ستاندارد نەبوون.
ئەوەی ئێمە هەوڵمان داوە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامیان بدەین، لەوانە ژێرخانێك دابنێین كە پێویستە بۆ هاووڵاتی، چونكە لە كابینەكەی مندا هاووڵاتی سەنتەری حكوومەت و كابینەكەی منە و هەموو خزمەتگوزارییەك دابین دەكەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی هاووڵاتیان زۆرترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێ ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ هاووڵاتیان بەردەست بن. واتە بانكەكە پێویستە و دەبێ حكوومەت پشتیوانییان بكات و ڕێكاریان بۆ دابنێ و مافەكانیان بپارێزرێ. بەڵام لە هەمان كاتدا هاووڵاتیش چاوی لەوەیە حكوومەت بیپارێزێت و سوودی زۆری لێ وەرنەگیرێت. واتە حكوومەت بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەبێ گەشەیەكی بەردەوام بەدوای خۆیدا بهێنێت.
كاتێك ئێمە داوا لە بانكەكان دەكەین قەرز بە هاووڵاتییان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن خانوو و ئۆتۆمبێل بكڕن.
– بانكەكان ئەوە دەكەن؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ، ئێستا پرۆژەیەكمان بە ناوی (هەژماری من) دەستی پێ كردووە كە ئامانجمانە تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، هیوادارم كە زیاتر لە یەك ملیۆن فەرمانبەری حكوومی بێنە ناو ئەو پرۆگرامە و تۆمار بكرێن. دەمەوێ لێرەشەوە بە خەڵكی دهۆك و سلێمانی بڵێم كە ئەم مانگە لە دهۆك و سلێمانیش دەست پێ دەكات. ئێمە هەموو فەرمانبەرێكی حكوومەت دەخەینە ئەم پرۆگرامەوە، كەرتی تایبەتیش بە هەمان شێوە دێتە ناو پرۆگرامەكەوە بە كاركردن لەگەڵ بانكەكان.
هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە هەر بانكێك بێتە نێو ئەم پرۆگرامەوە، زۆر بە خێرایی دەبێتە گەورەترین بانك لەم وڵاتە، سوودێكی زۆر باشیش دەكەن و هاووڵاتیانیش قازانج دەكەن، بە دڵنیاییەوە ژێرخانێكمان دەبێت. ئێمە ئێستا هەزار ئەی تی ئێممان لە كوردستان داناوە، ٤٠ هەزار شوێنمان داناوە بۆ پێدانی پارە، خەڵكیش كە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و كرێدیت كارتەكانیان بەكار بهێنن لەجیاتی ئەوەی كاش بەكار بهێنن.
– با باسی گەندەڵی بكەین، هەندێك كەس چاویان لەوەیە بەرەوپێشچوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەبێت، ئێوە بۆ ئەمە چی دەكەن؟
مەسرور بارزانی: پرسیارێكی جوانە، چەند جارێكیش پێشتر وەڵامم داوەتەوە، پێم وایە كە شێوازی من لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ڕاگرتنیەتی. پێویستە سیستەمێكت هەبێت كە خەڵكی گەندەڵ نەتوانێ سوودی لێ ببینێت، كاتێك كە تۆ سیستەمێكی شەفافت هەبوو، زۆر بە باشی كاری كرد، ئەمە بە دیاریكراوی ئێمە بابەتی بەدیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت و پێدانی پارە بۆ ئەوەیە كە هەموو شتێك شەفاف دەبێت و زۆر زەحمەت دەبێت كە خەڵكی بتوانن گەندەڵی ئەنجام بدەن.
دەبێ تاكەكانیش بەرپرسیار بن لە بەرامبەر كارە خراپەكانیان. ئەگەر هەموو سووڕێكی گەندەڵی بەردەوام بێت، تاك تاك سوودی نابێت، پێویستە هەمووی ڕابگیرێت.
ئێمە دەستمان پێ كردووە، گەندەڵی تەنیا ئەوە نییە كە خەڵكی فێڵت لێ بكات و پارەت لێ ببات. بەفێڕۆدانی كاتیش گەندەڵییە، كاتێك فەرمانبەرێكی حكوومی پارەی پێ دراوە بۆ ئەوەی خزمەت بكات، بەڵام دانیشتووە و هیچ ناكات، ئەمەش گەندەڵییە. ئێمە لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە دەستمان پێ كردووە، ئەمە پرۆسەیەك نییە ڕۆژی دواتر دەرئەنجامی هەبێت، هەندێك كاتی دەوێت، بەڵام پێم وایە كە لەسەر ڕێگە ڕاستەكەین.
– گۆڕانكاریی كەشوهەوا كاریگەریی لەسەر خەڵك هەبووە، بە تایبەتی كەم ئاوی، ئێوە چی دەڵێن؟
مەسرور بارزانی: ئێمە نیگەرانین، هەر بە هۆی كەمئاوییەوە نییە. بە دڵنیاییەوە ئاو فاكتەری سەرەكییە، ئەم بەیانییەش لە پانێڵێكدا باسیان لەوە كرد كە چەند ڕووبارەكان كەمیان كردووە، ئاوی ژێر زەوی كەمی كردووە و ئاو لە تارانیش كەمی كردووە. سوپاس بۆ خوا بارانێكمان هەبوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، دەبێ نزا بكەین كە بارانی زیاتر ببارێت. پلانمان هەیە كە بەنداوی گەورە دروست بكەین بۆ ئەوەی ئاو ڕابگرین و بە شێوەیەكی باشتر سوودی لێ وەربگرین لە وەرزە جیاوازەكان، ئیدارەدانێكی باشی سەرچاوە ئاوییەكان یەكێكە لە پلانەكانمان و كاری لەسەر دەكەین.
بە هەمان شێوە غاز كە لە بیرە نەوتەكانەوە دێتە دەرەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو كارەمان كردووە كە غازمان كردۆتە كارە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەڵێ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لەو غازەی كە دێتە دەرەوە، جارێكی تر بیخەنەوە ژێر زەوی تا بیكەن بە كارەبا. ئەمە كاری ئێمە نییە بە تەنیا، بەڵكوو بەرپرسیارێتییەكی گشتگیرە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە