
لە پەیامەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: “بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان، بەبۆنەی (60)مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.”
جێگری سەرۆكی پارتی هەروەها دەڵێ: “ئێزگەی دەنگی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە شانازی و سەروەری لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە و دەنگی ڕەسەن و ڕاستەقینە و بڵندگۆ و سەکۆیەکی ڕاستگۆ و زوڵاڵی شۆڕش و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئازادایخوازان بووە. هەروەها قوتابخانەیەکیش بوو بۆ پێگەیاندنی دەیان ڕاگەیاندنکار و کادیر و سەرکردەی بەتوانا.”
مەسرور بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە: “لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو خەباتکار و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەم سەکۆیەدا خزمەتیان کردووە. دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هيوای پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.”