نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان: دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەم کە سەرکەوتووانە ئەم قۆناخەی خوێندنتان تەواو کرد

مەسرور بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان: دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەم کە سەرکەوتووانە ئەم قۆناخەی خوێندنتان تەواو کرد

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی بەڕێز، مامۆستایانی هێژا، کوسوکاری قوتابیان و قوتابیانی خۆشەویست، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدام، بەڕێزان پێش دەستپێکردنی گوتارەکەم دەمەوێت بڵێم، ئەمڕۆ 16 ئابە، کە ساڵرۆژی لەدایکبوونمان سەرۆک بارزانی و هەروەها ساڵڕۆژی دامەرزاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لێرەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو کوردستانییەکی بەشەرەف و نیشتیمانپەروەر دەکەم، ئاواتەخوازین خوای گەورە وەک هەمیشە یارمەتیدەری جەنابیان بێت تا بەردەوام بن لە سەرکێشی و رابەرایەتیکردنی رەسەنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیامان، هەروەها هەر بەم بۆنیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرکردایەتی پارتی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم و هیوادارم ئەم یادە ببێتە مایەی جۆشدانی گیانی نیشتمانپەرەوەری و لەپێناو خزمەتی زیاتری گەل و وڵاتمان.

بەڕێزان خۆم بە بەختەوەر دەزانم و جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ لەناو ئەم ژمارە قوتابیە یەکەم بەتوانایەدام، زیاتریش دڵخۆشم کە قوتابیە یەکەمەکانی دڵی کوردستان بەشدارن لەگەڵمان.

دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەم کە سەرکەوتووانە ئەم قۆناغەی خوێندنتان تەواو کرد و هەنگاو بەرەو قۆناغی خوێندنی زانکۆیی دەنێن، ئومێدی بەختەوەری و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەموو قۆناغەکانی داهاتووی ژیانتاندا.

هەروەها سوپاس و پێزانینی تایبەتم بۆ دایک و باوک و کەسوکاری قوتابییەکان هەیە کە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و یارمەتیدەری قوتابییان بوون.

کەرتی پەروەدرە و فێرکردن هەمیش جێگەی بایەخی من و ئەنجوومەنی وەزیران بووە، ئێمە لە دۆخە سەختەکانی وەک سەردەمی کۆرۆنا و لە رەوشە سەختەکانی ئابووری و داراییدا، هەوڵمانداوە هەموو تواناکانمان بخەینە کار تاوەکو ئەم کەرتە بەردەوام بێت.

جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، بەتایبەتی وەزیری پەروەردە، د. ئالان حەمە سەعید و سەرجەم مامۆستا و کارمەندانی ئەم کەرتە بکەین کە بە گیانێکی لەخۆبوردوانە ئەم قۆناخە سەختەیان بڕی و کۆڵیان نەدا.

مامۆستاکانمان وێڕای ئەرکی زۆر و ماندووبوونیان، هەمیشە نموونەی کەسانی خۆڕاگری کۆمەڵگاکەمان بوون و سەرباری هەموو سەختییەکان، سەنگەری پیرۆزی پەروەردە و فێرکردنیان چۆڵ نەکرد و ئەم هەڵوێستەیان هەمیشە جێگەی سوپاس و پێزانینە.

ئێمە دیدگایەکی روونمان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان هەیە لە هەموو بوارەکاندا. ئێمە بۆ داهاتوو کوردستانێکی پێشکەوتووی خاوەن ئابوورییەکی فرەچەشن و خاوەن کشتوکاڵێكی پێشکەوتوو  و  خاوەن ژینگەیەکی خاوێن و نیشتیمانێکی ئاوەدانمان دەوێت، وڵاتێکمان دەوێت خاوەن ژێرخانێکی بەهێز بێت، نیشتمانێکمان دەوێت کە سەقامگیر بێت و هەموو لایەک بە بەختوەری و بەڕێز و ئاشتییەوە تێیدا بژین، بەڵام دەزانم ئەمانە بەبێ سیستەمێکی بەهێزی پەروەردە و فێرکردن ئەستەمە، بۆیە هەمیشە جەختم لەسەر گرنگی پێشخستنی ئەم بوارە کردووتەوە.

بە تایبەتیش جیا لە فێرکردنی زانست، جەخت لەسەر گرنگی پەروەردە دەکەمەوە، پەروەردەی جیلەکانی داهاتوو و ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان لە باخچەی ساوایان و قوتبخانەکان دەست پێ دەکات.

ئەگەر بمانەوێت ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان لە داهاتوودا، هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خەڵک و خاکیان لەلا بێت، ئەوە دەبێت لە قوتبخانەکان دەست بەو پەروەردەیە بکەین.

من هەمیشە لەگەڵ شاندی ئەو وڵاتانەی ئەزموونی سەرکەوتوویان لەم بوارەدا هەیە، قسە دەکەم، جەخت لەسەر هاوکاری بۆ ئەو بوارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان دەکەمەوە.

ئەگەر خوا یار بێت، بە پاڵپشتی و بەشداری کارای لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەوڵەدەدەین لەم بوارەدا هەنگاوی کرداری بنێین، چونکە بەڕای من، پێگەیاندنی مرۆڤ و تواناکانی، بنەما و بناغەی هەموو ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی دیکەیە.

مامۆستایانی خۆشەویست، پێشمەرگە-ئاسا لە بواری پەروەردەدا تێکۆشاون و بێگومان بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و فێرکردنیش پێویستە بەهەمان گیانی نیشتمانپەروەری بەردەوام بن و بە زانست و زانیاری دەوڵەمەند بکرێن و مەشق و راهێنانی نوێ وەرگرن.

مامۆستایان داینەمۆی ئەو گۆڕانکاریانە دەبن کە ئێمە بەنیازین لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێی بکەین.

وێڕای دەستخۆشی و سوپاسی دووبارەمان بۆ مامۆستایان، پاڵپشتیمان بۆ دەستبەرکردنی هەموو ماف و داخوازییەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لە ژیانی خۆتاندا هەمیشە سەرکەوتووبن و ببنە کەسانی داهێنەر و بەسوود بۆ وڵاتەکەتان و ئایندەی ئەم نیشتیمانە بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەن و وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت.

بەپەلە

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *