نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: میحوەری پردێ نەیهێشت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: میحوەری پردێ نەیهێشت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت

مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، هەر ئەو کات لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق بەرامبەر بە جووتیارە کوردەکان، تەلەفۆنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پێی گوتووە “ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت.” وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی دەڵێت، سوودانی لە وەڵامدا پێی گوتووە، “بەدواداچوون بۆ رووداوەکان دەکەین”. 


دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ میحوەری پردێ:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس کە ئامادەبوون و رێگەتان دا بێین سەردانی ئێوە بکەین ئەمڕۆ لە رۆژی جەژن، کە دەبینین خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن لە سایەی زەحمەت و خەبات و ماندووبوونی ئێوەیە، کە ئێوە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ئارامی و خۆشی جەژن بگێڕین، حەقیقەت ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە.

دەمویست لە نزیکەوە بێم لە خزمەتی ئێوە بم و پیرۆزبایی جەژنتان لێ بکەم، دەستخۆشیتان لێ بکەم و لەنزیکەوە یەکتر ببینینەوە. پێشتر لەوانەیە زۆر لە ئێوەمان بینیوە، وەختی زۆر ناخۆش، دەزانم کە ئەم میحوەرە، میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا. ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان زاڵبن بەسەر ئەو هەموو پیلانە خراپانەی کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و بەردەوامن لەوەی کە کوردستان بپارێزن.

ئینشائەڵڵا هەموو ئاواتی ئەم نەتەوەیە دێتە دی و ئەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لەژێر دەستی ئێمە نین ئەوەی پێیان دەگوترێت ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەش پێمانخۆشە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و  بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور، ئەوانەش جارێکی تر بەخۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان.

ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمان کاتدا ئێمە داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین.

دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە حەتا جووتیارەکانی ئێمە غەدریان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن.

من لەو وەختە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و پێم گوت ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت. بەڵینی پێدام و گوتی ئیجرائات و بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە، بەڵام لایەنەکەی تر زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەمەش ئێمە تا دوا قۆناغ هەوڵی ئەوە دەدەین شتەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعدا و غەدریشمان لێکرا، لە خوا بەزیادبێت، بە پشتیوانی خوا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین.

بەپەلە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *