ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە ، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران”.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.
هەر لەو پەیامەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، “بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە ، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان