
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ”لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویستمان زانی کۆمەڵێک بابەت ئاپدەیت بکەینەوە و گفتوگۆیان لەسەر بکەین.
گوتیشی: ”بابەتی یەکەم هەڵبژاردن بوو کە وەکوو پرۆسەیەکی دیموکراسی پێویستە دوای ئەوەی تەمەنی درێژ کرایەوە، لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، ئەگەر خوانەخواستە هەڵبژاردن نەکرێت، سەرلەبەری ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەو مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکات بۆ ئەوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە مانگی 10ی ئەمساڵ تێ نەپەڕێت. ”
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەش دا: ”کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پارتی و گۆڕان و یەكێتی و چەند حزبی دیکە پێک هاتووە، درێغیی نەکردووە کە لە هەموو ڕوویەکەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، هیچ بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینە و کەمینە تێ نەپەڕیوە، سەرۆکی حکوومەت دەرفەتی باشی بە هەموو تیمەکان داوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بکەن کە دێنە ئەجێندای ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.”