نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی بەردی بناغەی یەکەم زانکۆی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دانا

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی یەکەم زانکۆی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دانا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر بەردی بناغەی زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی دانا، کە یەکەمین لقی زانکۆی لەندەنە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەروەها دووەم لقی ئەو زانکۆیەیە لە جیهاندا.

مەسرور بارزانی لە گوتاری دانانی بەردی بناغەی ئەم زانکۆیە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند،  خۆشحاڵم کە دەبینین رۆژ بە رۆژ ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات و دروستکردنی ئەم جۆرە ناوەندە زانستییانە، بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری.

هەروەها راشیگەیاند، ئەم زانکۆیە وەکو لقێک لە زانکۆی لەندەن کە زانکۆیەکی ناوداری نێودەوڵەتییە، هیوادارم بتوانێت خزمەتێکی زیاتری خوێندن و زانست لە هەرێمی کوردستان بکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و رایگەیاند، بەردەوامین لە گفتوگۆیەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی چارەسەری گونجاوییان بۆ نەدۆزراوەتەوە، گوتیشی “بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بکەین، داکۆکی لەسەر دابینکردنی هەموو ماف و پێداویستییەکانی خەڵکی خۆمان دەکەین”

دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پێکەوە لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان و گرنگیدان بە خوێندنی باڵا، هەروەها دروستکردنی ناوەندە زانستییەکان ئاماژەیەکی روونە بۆ وشیاری نەتەوە و کۆمەڵگەکەمان، خۆشحاڵم کە دەبینین رۆژ بە رۆژ ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات و دروستکردنی ئەم جۆرە ناوەندە زانستییانە، بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری، زانستی و ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستاندا، لێرە پێویستە سوپاسی خاتوو لاجان و دکتۆر کۆدۆ و هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە بوون، ئەم روئیایەیان کرد بە کردار و لێرە بەردی بناغەی ئەم زانکۆیە دادەنێین، جێی خۆیەتی سوپاسی سەرکونسوڵی شانشینی یەکگرتوو بکەم، هەروەها سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیا بکەم، سوپاسی هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانە بکەم کە لە لەندەن یەکترمان بینی و هەموویان بە پەرۆشەوە بوون بۆ دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەروەها سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەم کە رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری هەبووە لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە.

ئێمە چەندین زانکۆی ترمان هەیە هەر زانکۆیەک لە کوردستان بەپێی توانا و شارەزایی و پسپۆری خۆی توانیویەتی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکەمان دروست بکات، دڵنیام ئەم زانکۆیە دەتوانێت جێدەستی خۆی دیاربکات و بەشێکی تر بێت لەم پڕۆژە زانستییەی لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێدان بە کەرتی زانستی کردووەتە بەشێک لە کارە هەرە لەپێشینەکانی خۆی، ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە، بۆ ئەوەی یارمەتی پەروەردە و خوێندن و ناوەندەکانی بەرزی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان بدەین، بێ ئاگاش نین لەوەی کە هێشتا کێشەمان زۆرە، کێشەی نیشتەجێبوونی قوتابی یان کێشەی گرنگیدان بە خواست و ویستەکانی مامۆستایان و ئەو ناوەندە ئەکادیمیانە، بەڵام لەبیرمان نەچێت خواست و داواکاری و پێداویستییەکانی ئێمە تائێستا زیاترن کە لەبەردەستی ئێمەدان، بەڵام ئێمە ناوەستین و هەوڵدەدەین هەرچیمان کردبێت ئەو پێداویستییانەی کە گرنگن بۆ ئەو کەرتە دابین بکەین.

ئەم زانکۆیە وەکو لقێک لە زانکۆی لەندەن کە زانکۆیەکی ناوداری نێودەوڵەتییە، هیوادارم بتوانێت خزمەتێکی زیاتری خوێندن و زانست لە هەرێمی کوردستان بکات، لێرە جێی خۆیەتی ئاماژە بە خاڵێکی دیکە بکەم، ئێمە لە هەوڵەکانی خۆمان بۆ باشترکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەردەوامین بەتایبەتی لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامین و شاندەکانمان بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەری هەموو ئەو خاڵانەی کێشەن یان چارەسەری گونجاویان بۆ نەدۆزراوەتەوە، شاندەکانی ئێمە بەردەوام دەبن لە سەردانکردنی بەغدا، هیوادارین هەردوولا شاندی ئاڵوگۆڕ بکەین تاکو دەگەین بە ئەنجامێک لە کاتێکی دیاریکراودا، چارەسەرکردنی گرفتەکان لە هەر کەرت و سێکتەرێک بێت بێگومان یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت بۆ پەرەپێدانی دۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو روێکەوە، بۆیە ئێمە ناوەستین و ئومێدمان زۆرە بە پشتیوانی خوا و ئێوەی خۆشەویست، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بکەین داکۆکی لەسەر دابینکردنی هەموو ماف و پێداویستییەکانی خەڵکی خۆمان دەکەین.

جارێکی دیکە بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم تەمەنای سەرکەوتن دەکەم و هیوادارم ئەو زانکۆیەش سەرکەوتووبێت و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت

بەپەلە

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی تازە دەردەكات

ئارام عەبدوڵا : پوول خەرجیی زۆری دەوێت، چونكە لەدەرەوە چاپ دەكرا، بۆ نموونە، پوولێك 500 …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *