ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵوێزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵوێز کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن.
باڵوێزی ژاپۆن کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ کارەبا و ماستەرپلانی شارەکان و هاوکاری مرۆیی بۆ پەنابەر و ئاوارەکان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە باشترکردنی دۆخی پەروەردە و خوێندن و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و سوود وەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی سەرکەوتووی ژاپۆن لەم بوارەدا.