ئالان حهمه سهعید وهزیری پهروهرده لهسهر ڕاسپارده و پشتیوانی مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان سەردانی شارۆچكهی کۆیەی کرد، لهگهڵ تاریق حیدەری قایمقامی شارۆچكهی کۆیە و بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرۆکی شارەوانی و سەرپەرشتیاری یەکەم کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.
كۆبوونهوهكه بۆ شرۆڤە و بڕیاردان بوو لەبارەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ چارەسەرکردنی دەرهاوێشتەکانی بۆمبارانکردنی بەشێک لە سنوورەکە، بۆ ئهم مهبهستهش چەند بریارێكی پێویست دران كه بریتی بوون له :-
1- بەردەوامبوونی ڕاگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەک کە پێشتر دەوامیان تێدا ڕاگیرابوو، ههروهها قوتابخانەکان شوێنی دیکەیان بۆ دیاریکرابوو.
2- بریاردرا سبەی تیمی ئەندازیاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر سەردانی شاری کۆیە بکەن بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک بە شێوازی کابینە و بە خێرایی بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە لەسەر بودجەی وەزارەت.
3- هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرا بۆ ئەوەی قوتابخانەیەک لە کۆیە دروست بکرێت.
4- بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر راسپێردرا، سبەی میکانیزمێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی کۆیە تیمێک لە رێنمایکارانی پەروەردەی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ باشکردنی لایەنی دەروونی قوتابییان و خوێندکارانی کاریگەر بە هێرشە مووشەکییەکان.
5- بریاردرا بە تەرخانکردنی بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی کارەکانی پەروەردەی کۆیە لە دروستکردنی پۆلی خوێندنی زیادە بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار بەهۆی داخستنی زیاتر لە پێنج ناوەندی خوێندن .
6- زیاتر لە 71 ملیۆن دینار بریاری تەرخان و خەرجکردنی درا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە و ئامادەیی تەقتەق.
جگه لهوهش هەر ئەمرۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی راسپێردرا کە رێکاری پێویست تاوتوێ بکەن سەبارەت بە قوتابخانەی زڕگوێز و چۆنیەتی دەستبەرکردنی خوێندنی قوتابییان لە سنوورەکەدا.