نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مه‌سرور بارزانی: بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە

مه‌سرور بارزانی: بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەم یادەدا جارێکی دیکەش پێداگری لە سەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکەینەوە، کە دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە، هەروەک لە دەستووردا هاتووە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ یادی یەکێک لە تاوانە گەورە و لەبیرنەکراوەکانی رژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە کۆمەڵکوژیی و جێنۆسایدکردنی نزیکەی هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە. یادکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە، ئەمساڵ زۆر خەمناکترە، چونکە هاوکاتە لە گەڵ هێنانەوەی رووفاتی 100 ئەنفالکراوی دیکەی بارزانی لە بیابانەکانی باشووری عێراقەوە بۆ کوردستان و زێدی خۆیان لە بارزان

دەڤەری بارزان، زیاتر لە سەدەیەکە مەڵبەندی کوردایەتیی و شۆڕش و راپەڕین بووە لە دژی ستەم و زۆرداریی و داگیرکاری. پەناگەیەکی لێبوردە و ئارام بووە، بۆ هەموو ئەوانەی لە دژی بێدادی و ستەمکاری روویان تێکردووە. بۆیە هەمیشە ئەو دەڤەرە، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، رووبەڕووی هێرش و پەلاماری سەربازی و وێرانکاری و بۆمباران و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە بووەتەوە.

شاڵاوی جێنۆسایدی بارزانییەکانیش بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان لە دژی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کە بووە دەستپێکیش بۆ ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان.  

لە یادی ئەم کۆمەڵکوژییە هۆڤانەدا، بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە، یادکردنەوەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی هەموو ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال.

هەروەها پێویستە بە پێزانینەوە، یادی قوربانیدان و خۆڕاگری دایکانی میهرەبان و کەسوکاری قوربانییەکان بکەینەوە، کە زۆر سەربەرزانە رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و لێکەوتەکانی ئەم تاوانە گەورەیە بوونەوە. هەروەها سوپاسی جوامێری و بەهاناوە چوون و هاریکاری و هاوسۆزی خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان.

لەم یادەدا، جارێکی دیکەش پێداگری لە سەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکەینەوە، کە دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە، هەروەک لە دەستووردا هاتووە، کە بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە، وەک زۆر ماددەی دیکەی دەستوور، بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی دەستی رژێمی پێشوو، پشتگوێ خراوە و نابێت چیتر ئەم بابەتە فەرامۆش بکرێت.

پێویستە گەلی کوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کراون و جارێکی دیکە، لە ژێر هیچ پاساوێک و بۆ هیچ مەرامێک، نابێت ئامادەبن ئازادی و حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبەری خەڵکی کوردستان، بکەنە قوربانی و لە دەستی بدەن.

لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان.

هەمیشە لە یادمانن و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

31ی تەمموزی 

بەپەلە

مەسرور بارزانی: هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیری كارەبای عێراق دەكات و رایدەگەیەنێت، کە هێرشکردنە سەر …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *