نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ كولتووری سڕینه‌وه‌ی یه‌كدی ریشه‌كێش بكرێت

سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ كولتووری سڕینه‌وه‌ی یه‌كدی ریشه‌كێش بكرێت

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ مه‌راسیمی پێشوازیكردن له‌ رووفاتی سه‌د ئه‌نفالكراوی بارزان به‌شداری كرد و وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، تا رووفاتی یه‌ك شه‌هید مابێت، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین. له‌ باره‌ی ره‌وشی ئێستای عێراقیشه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌م ره‌وشه‌ی ئێستای عێراق زۆر نیگه‌رانین و خه‌ڵكی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ زۆر ئازاریان چه‌شتووه‌ و شایسته‌ی ئه‌و ژیانه‌ نین، ئێستا تێیدان.

دەقی وتاری سەرۆك بارزانی

بەناوی خودای گەورەو میھرەبان

بەڕێزان

بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەموو لایەکتان دەکەم و سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان.

ھەروەکو مەعلومە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ، بەر لە 39 ساڵ ڕژێمی بەعس بە شاڵاوێکی سەرتاسەری ھەشت ھەزار بارزانی ڕاپێچان بۆ بیابانەکانی باشوری عێراق،  خەڵکێکی بێتاوان تەنھا تۆمەتیان ئەوەبوو کە بارزانی بوون.

ئەمە خەلەکەیەک بوو لە زنجیرەیەک تاوانی گەورە دەرھەق بە گەلی کوردستان ، وەک بێسەروشوێنکردنی 12 ھەزار فەیلی و  کیمیابارانی ھەڵەبجە و  چەندین شوێنیتری کوردستان ، کە بە چەند خولەکێک پێنج ھەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵبوون بە گازی ژەھراوی شەھیدبوون.

ئینجا ئەنفالی سەرتاسەری کە لە خانەقین تا زاخۆ کوردستانی گرتەوە ، کە تێکرا 182 ھەزار کەسی بێتاوان لە بیابانەکانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ کران.

تا ئێستا توانراوە ژمارەیەک لە ڕوفاتی شەھیدەکان بگوازرێتەوە بۆ کوردستان،  بەڵام ھێشتا زۆری ماوە ، تا ڕوفاتی یەک شەھیدیش مابێ ئێمە لە ھەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین،من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، موستەفا کازمی  و پارێزگاری موسەننا،  بەڕێز ئەحمەد مەنفی، وە بەڕێوەبەری ناحیەی بوسییە و خەڵکی ناوچەکە کە زۆر ھاوکاربوون و زۆر یارمەتیانداین.

 سوپاسی ھەردوو پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە بەغدا و ھەولێر و سوپاس بۆ بەڕێوەبەری گۆڕی بە کۆمەڵ لە دەزگای شەھید لە بەغدا ، سوپاس بۆ ڕێکخراوی ئای سی پێم ، کە ھەموویان زۆر زەحمەتیان کێشا تاکو ئەو پڕۆسەیە گەیشتە ئەنجام.

سوپاس بۆ ھەردوو وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی تەندروستی کە بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون ، سوپاسی بێ پایان بۆ برایانی بەڕێز دکتۆر عەبدوولڵا و عەلیاوەیی و دکتۆر یاسین کەریم ئەمین ، مەریوان سەدیق بۆ ماندووبوونیان و شەونخوونیان.

سوپاس بۆ ھەموو ئەو برایانەی کە بە ئەرکی ڕێکخستنی ئەو مەراسیمە ھەڵساون .

بەڕێزان

ڕژێمی بەعس بە دڵێکی ڕەقتر لە بەردو بە خوێنێکی سارد ، ئەو ھەموو خەڵکە بێتاوانەی شەھید کرد، ئەو دڕندایەتیی خۆی بۆ ھەموو جیھان دەرخست،

لە بەرامبەر ئەوەدا گەلی کوردستان لە کاتی ڕاپەرینی ساڵی 1991 مرۆڤدۆستی خۆیی و ڕەوشتی بەرزی خۆی نیشاندا، ئەو ھێزانەی کە تاوانی ئەنفالیان ئەنجامدابوو ھەموو کەوتنە بەردەستی خەڵکی کوردستان،بەڵام تۆڵەی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی جیاوازبوو، ئەو خەڵکەیان ئیزندا، ڕەوشتی بەرزی خۆیان پیشاندا.

 لە بێکەسی کورد نەبا ئەوەی کە لە کوردستان ڕویدا ھیچ کەمتر نەبوو لەوەی لە ئەفریقای باشور ڕویدا ، بەڵام نە کورد توانی ئەم ھەڵوێستە بەرزەی خۆی بە دونیا بناسێنی ، نە جیھانیش گرنگی پێدا.

ئەم تاوانانە زۆر گەورەن و برینەکان زۆر قوڵن و لەبیر ناکرێن  بەڵام پێویستە بەردەوامبین لەسەر ئەو  ڕەوشتە بەرزەی خۆمان ، پێویستە بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت تاوانی ڕژێم ببێتە ھۆی دوژمنایەتی نێوان گەلان، ڕژێمەکان دێن و دەرۆن و بەڵام میللەتان دەمێنن، لەبەر ئەوە دەبێ ئەو برایەتییە و ئەو لێکتێگەیشتنەو ئەو یەکتری قەبوڵکردنە  لە نێوان میللەتان بەردەوامبێ و ھەر بمێنێ.

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پەرلەمانی کوردستان ، دادگای تەمیزی عێراق،ھەموو  بریاڕیاندا کە ئەمە جینۆسایدە، وە پابەندی حکومەتی عێراقیان کردووە کە ھەمووو ھاوکاریەک بکات بۆ ھێنانەوەی ڕوفاتی شەھیدەکانمان، ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان، ئێمە چاوەروانیمان لە ھاوپەیمانانمان ئەوەبوو دوای 2003 کە ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی کەمێک لە خەم و ئازاری کەسوکاری شەھیدان سوک بکرێت و کەم بکرێتەوە،  بەڵام بەداخەوە ئێمە پێچەوانەمان بینیی.

قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی حکومەتی عێراقە ئومێدەوارین بەو ئەرکە ھەڵسێت.

بەڕێزان

 ئێمە زۆر نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا عێراق تێیدایە ،  بەداخەوە ھەر لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە  2003 سود لەو دەرفەتە وەرنەگیرا ، دەستور بەلاوەنرا و کاری پێنەکرا ، لە جیاتی ئەوەی ھۆکاری گرفتەکان چارەسەر بکرێن ، تەعامول لەگەڵ دەرەئەنجامەکان کرا ، ئەویش تەعامولێکی بە ھەڵە ، بەداخەوە تا ئێستاش بەردەوامە.

خەڵکی عێراق بە تێکڕایی بە کورد و عەرەب و تورکمان و  ئاشور و کلدان و ھەموویان، ئەوەندە ئازاریان چەشتووە کە موستەحەقی ئەم ژیانە نییە کە ئێستا تێیدایە ، ئێمە ئومێدەوارین ھەموو لایەک ھەست بە بەرپرسیارەتی خۆیان بکەن،ھەموو پێکەوە بە نیەتێکی پاک و بە ئیڕادیەکی پۆڵایین ھەوڵی ئەوە بدەن کە ئەم قەیرانە کۆتایی بێت و خەڵکەکە بە بەختەوەری و ئاسوودەیی بژییت ، وە جارێکی تریش ئەم جۆرە کارەساتە نەبینینەوە.

لە کۆتاییدا جارێکی تر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان.

ھەزار سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدان.

والسلام علیکم

بەپەلە

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی تازە دەردەكات

ئارام عەبدوڵا : پوول خەرجیی زۆری دەوێت، چونكە لەدەرەوە چاپ دەكرا، بۆ نموونە، پوولێك 500 …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *