بڕیارە حەفتەی داھاتوو شاندێکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی قەزای خانەقین بکات و سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، تەعریبێکی مەترسیدار لە خانەقین دەستی پێ کردووە و ھەڕەشە لەسەر گوندە کوردنشینەکان ھەیە.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، ڕاگەیاند: ”بڕیارە حەفتەی داھاتوو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، سەردانی دەڤەری خانەقین بکات و مەبەست لە سەردانی ئێمە بۆ خانەقین ئەوەیە ماوەیەکە لەو سنوورە تەعریبێکی مەترسیدار دەستی پێ کردووە و، بەتایبەتی ھەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدار لەسەر گوندە کوردنشینەکان دەوروبەری خانەقین ھەیە و خەڵکی کورد ناچار دەکرێت شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.”
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: ”بەداخەوە ژمارەیەک گوندی کوردنشین بەھۆی پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە سنووری خانەقین چۆڵ کراون و بەشێکی دیکەشیان مەترسییان لەسەرە.”
جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”حەفتەی داھاتوو لە خانەقین بەدواداچوون بۆ ئەو مەترسییانە دەکەین کە لەسەر کورد ھەیە و ڕاپۆرتێک لەبارەی پڕۆسەی تەعریب لە خانەقین ئامادە دەکرێت و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، تا ڕێگەچارەیەک بۆ وەستاندانی تەعریب لە سنووری قەزای خانەقین بگیرێتەبەر.”