نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مه‌سرور بارزانی له‌ رۆژی ئه‌نفالدا: پێویستە حکوومەتی عێراق قه‌ره‌بووی کەسوکاری قوربانییان بكاته‌وه‌

مه‌سرور بارزانی له‌ رۆژی ئه‌نفالدا: پێویستە حکوومەتی عێراق قه‌ره‌بووی کەسوکاری قوربانییان بكاته‌وه‌

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سالڤەگەری جینۆسایدی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاند، نابێت چیتر ئەم کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە لە کوردستان، لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر بیانوویەک بێت دووبارە ببێتەوە.

لە بەبشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، کە نابێت چیتر بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، فەرامۆش بکرێت.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵڤەگەڕی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال:

لە سی و چوارەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیەی ڕژێمی بەعسی عێراق دەکەینەوە و بۆ هەمیشەش لە یادمانن.

ئەگەرچی بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە و ئەو سیاسەتە نەژادپەرستانەیە، بە سزای خۆیان گەیشتن و لەناوچوون، بەڵام پێویستە هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرەکانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە چ دژ بە گەلی کوردستان یان هەر گەلێکی دیکە لە جیهاندا. نابێت چیتر ئەم کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە لە کوردستان، لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر بیانوویەک بێت دووبارە ببێتەوە.

لەم یادە خەمناکەدا، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، بەپێی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و هەروەها قوربانییان و زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراون، جێبەجێ بکات.

ئاشکرایە بەهۆی ئەو تاوانانەوە، خەڵک و خاکی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردن و تاڵانکاری و وێرانکردن و خاپوورکردن بوونەوە، بۆیە نابێت چیتر بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، فەرامۆش بکرێت.

حکومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەزانێت و هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتريان بکات و بەپێی توانا، برینەکانیان ساڕێژ بکات.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

بەپەلە

شاخەوان عەبدوڵا مژدەی دامەزراندنی 900 دەرچووی زانكۆ رادەگەیەنێت

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق مژدەی دامەزراندنی زیاتر لە 900 دەرچووی بەشە پزیشكییەكانی راگەیاند و ئاماژەی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *