سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر ڕایگەیاند، قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر زۆرینەی تەواو بووە و دوای گرێبەستکردن کارکردن لە قۆناغی سێیەمیش دەستی پێکردووە، کە لە بەحرکە تا دەگاتە ڕێگای دھۆک و ٦.١ کم دەبێت و بەچڕی کاری تێدا دەکرێت .
کەیفی فارس، سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر، ڕایگەیاند: “دروستکردنی قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر دەستی پێکردووە و ئێستا ئەوان ستافێکی نوێی ھەمان کۆمپانیای خۆمان ھێمن گروپ کاری تێدا دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی گرێبەست بۆ دروستکردن و دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ئیمزاکرا و بەشێوەی کرداری کارەکان دەستی پێکردووە.
فارس باسی لەوەشکرد: “قۆناغی سێیەم ئێستا لە بەحرکە تا دەگاتە گەزنە ئەو ڕێگایەی بۆ دھۆک دەچێت کاری تێدا دەکرێت، کە درێژیەکەی ٦.١ کم دەبێت و بەچڕی کاری تێدا دەکەن و کارەکانیش بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت.
کەیفی فارس گوتیشی: “بۆ قۆناغی دووەمیش کارەکانمان بەردەوامە و ڕێژەی تەواو بوون ٦٥% زیاتر دەبێت و ھەردوو ڕێگا سەرەکیەکان و ڕێگا خزمەتگوزاریەکان تەواوبوونە و دوو قات قیریشمان لێداوە لە ڕێگای شەقلاوە تا نزیک ڕێگای کەسنەزان و پردەکانیش زۆرینەی تەواوبوونە و ئێستا لە پردی کەسنەزان کار دەکرێت”.