نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / دەقی وتارەكەی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی

دەقی وتارەكەی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی


مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند:”بەشێکی زۆری بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەگەڕێتەوە کە نەوتەکە دەردەهێنن، بەشێوەیەک کە “داهاتی نەوت 7% بۆ دانەوەی قەرزە، 43%ی بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە نەوت دەردەهێنن، 9%ی بۆ گواستنەوەیە، پێشتر 25-28%ی دەهاتەوە بۆ مووچە، ئێستا 41%ی بۆ دابینکردنی مووچە تەرخاندەکرێت”، ئاماژەی بەوەش کرد، “لە 26 مانگی رابردوو بەغدا تەنیا 12 مانگ پارەیان بۆ ئێمە ناردووە، 14 مانگ کە مافی خەڵکی کوردستانە نەنێردراوە”.

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەیانیتان باش
زۆر بەخێربێن

پێویست بوو ئەمڕۆ ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە بکەین لەسەر هەندێک بابەت کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەمەوێت هەندێک بابەت عەرزی ئێوەی خۆشەویست و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و عێراقیش بکەم.

لەوەوە دەستپێدەکەم کە لە رۆژی 10-07-2019، ئەو رۆژەی کە سوێندی یاساییم خوارد، بەرگری لە هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم.

بە هەمان شێوە هەموو بەرپرسانی دیکەش، لە سەرۆکایەتیی هەرێم، لە پەرلەمان، لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرە بەڕێزەکان و ئەندامانی پەرلەمان، هەموویان ئەم سوێندە یاساییەیان خواردووە. ئێستاش ئێمە دەبینین کە چەندین مافی دەستووریی خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان، پێشێلکراون و دەکرێن. لەبەرئەوە، ئەرکێکی دەستووریی ئێمەیە، ئەرکێکی یاسایی ئێمەیە، ئەو ئەمانەتەی کە کەوتووەتە سەر شانی ئێمە، بەرگریی لێبکەین، هەروەها بەرگری لە مافەکانی خەڵکی خۆمان بکەین.

من دەستووری عێراقم بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەلایە، جارێکی دیکە زۆر بە چڕی هەموو بڕگەکانیم خوێندووەتەوە، ئێمە هەستمان بەوە کردووە کە لە چەندین ساڵی رابردوو، هەندێک لە بڕگەکانی ئەم دەستوورە، یان پێشێلکراون یانیش جێبەجێ نەکراون. بۆئەوەی بەبیرتان بهێنمەوە (ناچمە ناو وردەکاریی ماددەکان، بەڵام هەر بۆ وەبیرهێنانەوە)، ماددەکانی 44 و 65ی دەستوور، باسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات، بەڵام تائێستا ئەم ئەنجوومەنە پێکنەهاتووە، کە ئەمە یەکێک لەو خاڵە گرنگە دەستوورییانەیە کە بۆ پاراستنی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی کە وەکو هەرێم پێکنەهاتوون. دانەمەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو کێشانەی کەتوونەتە نێوان هەرێم یاخود پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.

بۆیە پێویستە، بۆئەوەی رێز لە دەستوور بگیرێت، ئەو ماددە دەستوورییانەی کە هاتوون، هەموویان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، وەنەبێ کە ئەگەر لە بەرژەوەندیی لایەنێکدا بێت ماددەیەکی دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵییەوە پێیوابێت، لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، نادیدەی بگرن.

چونکە بابەتی نەوت و غاز، لەم دواییەدا بە بڕیاری ئەو دادگەیە بەناوی دادگەی فیدراڵی کە بڕیارێکی دەرکردووە و بووەتە بابەت، دەمەوێت لەسەر ئەمە تۆزێ زیاتر باس بکەم:

ماددەکانی 110 و 111 و 112 و 115 هەریەکەو بە شێوەیەک باسی ئەو بابەتە دەکات، لە ماددەی 110دا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە دەسەڵاتی فیدراڵین، باسدەکات، کەواتە هەرچی لەو ماددەیەدا نەهاتبێت، دەسەڵاتی هەرێم یاخود پارێزگاکانە. ماددەی 111 دیسان باسی ئەوە دەکات، کە نەوت و غازی عێراق هی هەموو عێراقە بە هەرێم و پارێزگاکانیشەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوە ناکات کە نەوت و غاز موڵکی حکومەتی فیدراڵییە. ئەمە بابەتێکی دەستوورییە.

لە ماددەی 112ش باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئیدارەی مەلەفی نەوت و غاز بکرێت، ئێستا چۆن و پێویستە چۆن لە داهاتووشدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە ماددەی 115 باسی ئەوە دەکرێت کە هەرچی دەسەڵاتی فیدراڵی نییە، دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان. جگە لەمانە، ماددەی 122ی دەستووری هەیە کە باسی قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە تاوانلێکراوە دەکات کە لەلایەن رژێمی پێشوو دەرحەق بە خەڵکی عێراق کراوە، بێگومان خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەموو لایەنێک زیانی بەرکەوتووە، لە کیمیاباران، لە ئەنفال و خاپوورکردنی گوند و شار و شارۆچکەکان، کە تاوەکو ئێستاش وەکو ماددەیەکی دەستووری، نەچووەتە واری جێبەجێکردن، قوربانییەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئێمە قەرەبوو نەکراون، ئەو زیانلێکەوتووانەی کە لەو جینۆسایدەی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان کرا، بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو نەکراونەتەوە. ئەمەش پێشێلکردنی ماددەیەکی دەستوورییە، دەرحەق بە خەڵکی کوردستان.

لە ماددەی 92 باسی دروستکردنی دادگەی دەستووری دەکات. من لێرە تۆزێ بە فراوانتر باسی ئەو بابەتە دەکەم. ئەم دادگەی دەستوورییەی کە ئێستا هەیە، ئەمە لە سەردەمی یاسای حکومەتی ئینتیقالی پێکهێندرا، واتە لەپێش نووسینەوەی دەستوور. دوای ئەوە، ئێمە دەستوورمان نووسی، زۆرینەی خەڵکی عێراق بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە، دەنگی بۆ دا، بەڵام هۆکارێکی سەرەکیی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ئەم دەستوورەی پەسندکرد، ئەو مافانەن کە لەم دەستوورەدا هاتوون. مانای ئەوە نییە کە ئێمە دەستوورێکمان پەسندکربێت، ئامادەبین پێشێلی ئەو مافانە بکرێت کە لەم دەستوورەدا هاتووە.

دوای دەنگدان لەسەر دەستوور، دەبووایە بەپێی ماددەی 92ی دەستوور، ئەو دادگە فیدراڵییە دروستبکرێتەوە، ئەمە نەکرا. من ماددەکەتان بۆ دەخوێنمەوە بۆئەوەی بزانین، دادگەی دەستووری پەیوەستە بە چییەوە، ئەمە ماددەی 92ی دەستوورە “یەکەم: دادگەی فیدراڵیی باڵا، دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە لەڕووی دارایی و بەڕێوەبردنەوە. دووەم: دادگەی فیدراڵیی باڵا لە ژمارەیەک دادوەر و پسپۆڕی بواری فیقهیی ئیسلامی و یاساناس پێکدێت. دیاریکردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن و کاری دادگەکە، بە یاسا رێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران”.

بەڕێزان! نە ئەم یاسایە پێکهاتووە، کە دەبووایە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێبدات، نە بەپێی ئەم دەستوور و یاسایەش رەفتار کراوە. ئەم دادگەیە ئەوکاتە دەتوانێت بڕیار لەسەر ماددە دەستوورییەکان بدات کە خۆی بە شێوەیەکی دەستووری پێکهاتبێت. بۆیە ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین، لە خولی داهاتوو، هەوڵی دروستکردنی دادگەی فیدراڵی بدەن بەپێی رێکارەکانی دەستوور. دەبێت ئەو هەوڵە بدەن بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی بێلایەن بڕیار لەسەر ئەو کێشانە بدەن کە لە دەستووردا هاتوون کە لەوانەیە ببنە کێشەی نێوان هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی.

لە هیچ بڕگەیەکی دەستووریدا نەهاتووە کە بڵێت: دادگەی فیدراڵی کە لە کاتی یاسای حکومەتی ئینتیقالیدا هاتووە، دەتوانێت بڕیار لەسەر دەستوور بدات. گریمان دەستوورەکە بەو شێوەیەش بێت، واتە ئەم دادگەیەش بە شێوەیەکی دەستووری رێکبخرێت، هیچ دادگەیەک بۆی نییە ماددەیەکی دەستووری بنووسێتەوە، رێکاری گۆڕانکاری لە ماددەکانی دەستووردا، لە دەستوور خۆیدا دیاریکراون کە بە چ شێوەیەکە. کەواتە هیچ دادگەیەک شەرعییەتی ئەوەی نییە ماددە دەستوورییەکان بگۆڕێت.

ئەم بڕیارەی کە ئەم دادگەیە ئەمجارە داویەتی، دژی هەموو بنچینەکانی ماددە دەستوورییەکانە، ئەو ماددانەی کە باسمکردن، دیاریکراون و هیچ دادگەیەک ناتوانێت گۆڕانکارییان تێدا بکات، بەڵام هاتووە بڕیارێکی دژی یاسای نەوت و غازی هەرێم داوە، کە پێچەوانەی دەستوورە و گۆڕانکارییە لەو ماددە دەستوورییانەی کە ئەو مافەی بە خەڵکی کوردستان داوە چۆن ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بکات.

ئێمە باسمانکردووە کە ئەم بڕیارە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دراوە، لەوانەیە هۆکاری سیاسیی لەپشت بووبێت، هەم لە دەستنیشانکردنی کاتەکە، هەم لە چۆنێتی دەرچوواندنی بڕیارەکە. بڕیارێکی سیاسییە و بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا نییە.

ئێمە داوامانکرد لە حکومەتی فیدراڵی کە کاتمان پێبدەن بۆئەوەی گفتوگۆ بکەین، لەسەر بنەماکانی دەستوور، تاوەکو بگەینە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانەی کە ئێستا هەن، بەڵام بەداخەوە ئەم دەرفەتەیان پێنەداین. بڕیارێکی تاکلایەنە درا، بڕیارەکەش بێلایەن نەبووە. بڕیارەکە بە هیچ جۆرێک ناگونجێت لەگەڵ رووح و ئەو بنەما دەستوورییانەی کە هاتوون. ئیستینادیان لەسەر یاسایەک کردووە کە یاسای ساڵی 1976ـە، هی سەردەمی حکومەتی پێش گۆڕانکارییەکان و پێش دەستوور و پێش رووخانی رژێمی بەعسە.

ئەمە یاسایەک بووە کە بۆ حکومەتێکی مەرکەزی نووسراوە، نەک بۆ حکومەتێکی فیدراڵ. بۆ هەرچی یاسایە رەتکراوەتەوە تەنیا دوو یاسا نەبێت، یەکێکیان پەیوەستە بە بابەتی تەعریب و ناوچە دابڕێندراوەکان و یاسای نەوت و غاز، کە هەردووکیان لە بەرژەوەندیی حکومەتێکی مەرکەزییە. بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی حکومەتێکی فیدراڵیی تێدا نییە.

بەپەلە

مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد

  ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *